| لە یادی 23 ساڵەی کیمیا بارانی شاری هەڵەبجەدا |
|
| Wednesday, 16 March 2011 00:00 |
|
ئەمڕۆ بیست و سێ (23) ساڵ بەسەر یادی کیمیا بارانی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت. یادی تاوانێكی کۆمەڵکوژی بە چەکی کیمیاوی، لەلایەن ڕژێمی "بەعس"ی فاشی ئەوکاتەوە لە گەرمەی شەڕی عێراق-ئێران و لە دوا ساڵەکانی ئەو شەڕەدا. لە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا، نەك هەر هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی، لە ژن و منداڵ و پیر، لەو شارەدا بە گازی ژەهراوی بوونە قوربانی، بەڵكو خهڵكێكی زۆریش توشی برینداری و پەککەوتەی جەستەیی و ڕوحی هاتوون. کەسوکاری قوربانیانیش تائێستا گیرۆدهی ئاوارەیی و جۆرەها چەرمەسەری ترن بەدوای ئەم تراژیدیایەدا. ئەم تاوانە، لە پاڵ تاوانەکانی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، یەکێکە لە کارنامە دژی بەشەری و پڕ لە نەنگ و شەرمەزایەکانی ناسیونالیزمی عەرەب بەگشتی و ڕژێمی "بەعس" بەتایبەتی، لە مێژووی عێراقدا.
کاتێك ئەم تاوانە بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا، وڵاتانی دیموکراسی ڕۆژئاوا لە ئەوروپا و ئەمریکا، چاویان لە ئاست ئەم تاوانەدا نوقاندن و لە بێدەنگیدا پەردەپۆشیان کرد. نەك هەر ئەوەش، بەڵکو دوای ڕوخاندنی ڕژێمی "بەعس" و دامەزراندنی "دادگای باڵای تاوانەکان" بۆ دادگایی کردنی تۆمەتباران، لەوانە تۆمەتبارانی تاوانەکانی ئەنفال و کیما بارانی هەڵەبجە، ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەو بەڵگەنامانەیان بەشاردراوەیی هێشتۆتەوە کە پەیوەستن بە فرۆشتنی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژی، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە و بە چرای سەوزی حکومەتەکانی ئەو وڵاتە ئیمپریالیستانە ئەنجامدرا بوو. حزبە ناسیونالیستە کوردیەکان بەشێك لە جەمسەری هاوکێشەیەك بوون لە جەنگی عێراق-ئێراندا، کە ئەو تاوانەی تیا ئەنجامدراوە. بەرپرسانی ئەو کاتەی ئەو حزبە ناسیونالیستانە، کە هێزە چەکداریەکانی خۆیان کردبووە سورەی بەر لەشکری سوپای پاسداران و هێزە سەربازیەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، بەتایبەت لە گرتنی شاری هەڵەبجەدا، بەشێکی بەرپرسن لەم تاوانە، و پێویستە وەك بەرپرسانی ڕژێمی بەعس دادگایی بکرێن. ئەمە تۆمەتێك نیە کە بخرێتە پاڵ ئەو بەرپرسانە، بەڵکو لە زمان سکرتێری "یەکێتی" و بە دژی"نەوشیرەوان مستەفا"، لە کۆنفرانسی پایزی 2009 ی ئەم حزبەدا، ئەم ڕاستیانە وەك بەڵگەنامە خراونەتەڕوو. هەروەها بەرپرسانی ئەم حزبە ناسیونالیستانە بوون کە نامەی پاکانەیان بۆ "نزار خەزرەجی" نوسی لەکاتی دادگایی کردنی ئەم تاوانبارە لە دانمارك. "وەفیق سامەڕایی" کە لەگەورە بەرپرسانی دەزگای سیخوڕی هەواڵگری سەربازی ڕژێمی بەعس بوو لەسەردەمی کیما باران و ئەنفالدا، مام جەلال کردی بە ڕاوێژکاری خۆی، تا ئەو کاتەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بەرگری لەمافی کەسوکاری ئەنفال کراوەکان داوای یاسایی لەسەر تۆمار کرا، و ناچار بەڕێیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات تا دادگایی نەکرێت. هەر ئەم بەرپرسانە بوون کە لە زیندانی شاری سلێمانیەوە، "تاریق ڕەمەزان" فڕۆکەوانی کیمیا بارانی هەڵەبجەیان بە سەودا و مامەڵەیەك ئازاد کرد. زۆرێك لە ئەنفالچی و کۆنە موستەشارەکانی ڕژێمی بەعس، کە جێبەجێکەری ئەو تاوانانە بوون، ئێستا لە پاڵ ئەو حزبە ناسیونالیستانەدا، پارەی دیوەخانانەیان بۆ سەرف دەکرێت و دەست ڕۆیشتوون لەناو دەسەڵاتدا. ناسیونالیزمی کورد، حزب و دەستەجاتە ناسیونالیستە کوردیەکان چ لە ناو خۆی کوردستان و چ لە هەندەران، هەموو ساڵێك یادی ئەم تاوانە دەکەنە "شیوەنی نەتەوەیی" و لەم ڕێگەیەوە خۆڵ دەپڕژێننە چاوی خەڵكی کوردستان و پەردەپۆشی گەندەڵیەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد دەکەن. دەسەڵاتێك کە ئەم تراژیدیایەی کردۆتە سەرمایەیەك بۆخۆی، نەك هەر هیچ لایەکی لە کەسوکاری قوربانیان، بریندارەکان و نەخۆشەکانی ئەو تاوانە نەکردۆتەوە، بەڵکو شارەکەشی لە بێ بەشی لە خزمەتگوزاریەکاندا ڕاگرتوە. ئەمڕۆ کە یادی 23 ساڵەی ئەم تاوانە دەکرێتەوە، لەگەڵ هەموو وادەدانێکی پوچی دەسەڵاتداران، بەدرێژایی ئەو ساڵانە، تا ئێستاش کەلاوەیی و بێ خزمەتگوزاری سیمای ئەسڵی شارەکە پێك دەهێنن. بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو خەڵكی ئەو شارە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان نەشاردۆتەوە و چەندجار لە شکڵی خۆپێشاندا هاتونەتە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆ کەیادی بیست و سێ ساڵەی ئەو تاوانە و ئەو تڕاژیدیایە دەکرێتەوە، خەڵكی هەڵەبجە و زۆرێك لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانیش بەدژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە هاتونەتە سەر شەقامەکان بۆ خۆپێشاندان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گۆرانکاری لە دەسەڵاتدارەتیدا. هەر بۆیە پەرەپێدان، بەهێزکردن و بەربڵاوکردنی ئەو ناڕەزایەتیانە و ئەو خۆپێشاندانانە، تا هەڵپێچانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە باشترین یادی ئەو تاوانە و ئەم تڕاژیدیایەیە. ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری. www.rewend.info . 16-3-2011 |
| Last Updated on Thursday, 14 April 2011 23:43 |
خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستیخۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ... |
بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ... |
مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستانداڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ... |
هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ... |