| 1991 لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری |
|
| Thursday, 10 March 2011 18:09 |
|
ئەم ڕۆژانە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991 ە. ڕاپەڕینێك کە لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعسی هەڵپێچا. لە جەرگەی ئەو ڕاپەڕینەدا هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە هەوڵی ڕێکخستن و بەرپاکردنی شوراکان بوون وەك ئۆرگانی ئیرادە و دەسەڵاتی جەماوەر بۆ ڕێکخراوکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. "بەرەی کوردستانی" ئەو کاتە، پێکهاتوو هەر لەم حزبە ناسیونالیست و دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆ، کەوتە سەرکوتی ئەو شۆرایانە، کەوتە تەنگ پێهەڵچنین، سەرکوت و ترۆری ئازادیخوازان.
ئەمرۆ حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستان خۆیان هەڵدەکێشن بەوەی کە دەسەڵات و ئەزموونی ئەوان بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە و دەستکەوتەکانیەتی. دروست بەپێچەوانەوە، دەسەڵاتی ئەوان بەرهەمی لەباردن و خنکاندنی ئەو ڕاپەڕینە و دەستکەوتەکانی بوو، لەلایەن ئەوانەوە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیدا. بەو ئەندازەی کە ئەم حزبە ناسیونالیستە کوردیانە، سەرکوتی شۆراکانیان کرد، بزوتنەوەی بێکاری ئەو کاتەیان تێکشکاند، خۆیان پڕچەك و خاوەن میلیشیا کرد، توانیان جەماوەر بێ ئیرادە بکەن، دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەدا بگرن، سەروەتوسامانی گشتی لوش بدەن و وەك مۆتەکە بنیشنەوە بەسەر سینگی خەڵکی کوردستانەوە. هاتنەمەیدانی جەماوەری ناڕازی بەدژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە لە 17 ی شوباتی ئەم ساڵدا و گوللە باران کردنی خۆپێشاندەران، کوشتن و بریندارکردنیان، باشترین دەرخەری ئەو ڕاستیانەی سەرەوەن. ئەم خۆپێشاندانانە پێبەپێی پەرەسەندنیان، پاشەکشەیان بە دەسەڵاتدارانی کوردستان کردوە و ناچار کەوتونەتە زمان لوسی و بەڵێندان بە چاکسازی، ئەویش لەپێناو هێورکردنەوەی جەماوەری داخ لەدڵ و فریودانی خەڵك، دواترینان پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا، کۆمەڵگەی کوردستان لە ژانگرتنی ڕاپەڕینێکی تردایە، بەڵام ئەم ڕاپەڕینە نەك دژی دەسەڵاتێکی چەوسێنەری نەتەوەیی کە لەدەرەوەی کوردستانەوە هاتبێت، بەڵكو دژی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی خۆماڵییە. ئەمرۆ لە کاتێکدا جەماوەری کوردستان هاتۆتەمەیدان کە شەپۆلێك لە ڕاپەڕین و شۆڕش وڵاتانی باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و چەند دکتاتۆریان ڕوخاندوە. هەر بۆیە، بۆ ڕزگار بوون لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە خۆماڵییە، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پێویستە سود وەرگرن لەم ئەزموونە شۆڕشگێرانەیەی وڵاتانی باکوری ئەفریقیا. ڕێگەی بەدەستهێنانی خواسەتەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ژیانێکی کامەران و ئازاد، پەرەسەندن و باڵا پێکردنی ئەم خۆپێشاندانانەیە، تا ئاستی ڕاپەڕین و لە گۆڕنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە و بەرپا کردنی دەسەڵاتێکی شۆرایی. هێنانەدی بلۆکێکی ڕادیکاڵی ئازادیخواز لەدەرونی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە و ئەم خۆپێشاندانانەدا، یەکێك لە ئەرکە دەمودەستەکانی هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و ئازادیخواز، هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستە، بۆ ڕیسواکردنی زمان لوسی و فریوکاریەکانی دەسەڵات، بۆ بەرگرتن بە ئاسۆی ڕیفۆڕمیستی لیبراڵانە کە بە چاکسازیەکی نیوە ناچڵ، ئەم بزوتنەوە ناڕازیە و ئەم خۆپێشاندانانە هێور دەکەنەوە و ژانی لەدایك بوونی کۆرپەیەکی تری ڕاپەڕین لە کوردستاندا لەبار دەبەن. نەمری و سەربەرزی بۆ گیان بەخت کردوانی ڕاپەڕینی ئازاری 1991، و خۆپێشاندانەکانی ئەمساڵ. مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتگەر. بژی ڕاپەڕین، بژی دەسەڵاتدارەتی شۆرایی. ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری 6-3-2011 www.rewend.info |
| Last Updated on Thursday, 10 March 2011 18:13 |
خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستیخۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ... |
بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ... |
مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستانداڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ... |
هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ... |