| 17 شوبات تێپەڕى، مەرحەبایەک لەوانەى هەموو سێوەکانیان خستە سەبەتەى ئۆپۆزیسیۆن! |
|
| Monday, 20 February 2012 12:26 |
|
سەلام مارف 17ى شوبات تێپەڕاند، چەکدارەکان بە جلى رەسمى و نا ڕەسمییەوە کون و کەلەبەرى شارەکانى ئاخنى، چاودێرى هەموو شتێک دەکرا و گومان دەخرایە سەر هەموو شتێک.. سەرەنجام، 17 شوبات هاوشانى چەند هەوڵێکى سەرنەکەوتوانەى گەنجان بۆ سازدانەوەى خۆپیشاندانەکان تێپەڕى و ئەوەى بەجێما دەریایەک لە پرس و دوودڵى و لێوگوشین و ئەسەف بوو.
ئێستا چى ماوەتەوە، شەقامێکى پڕ لە نا ئومێدى، لەلایەکەوە قورسایى بێتوانایى و پەرتەوازەیى خۆى داوە بە شانیداو لەلایەکى ترەوە قورسایى هەڵەى سیاسییەکانیشى بۆ زیاد بووە. ئەو شەقامەى ساڵێک لەمەوپێش لەدەرەوەى هەموو پێوانەکانى ئۆپۆزیسیۆن ناو جەرگەى شارەکانى شڵەژاند و ئۆپۆزیسیۆنى ناچارکرد دەستبەردارى ئیدانەکردنەکانى جەماوەرى خرۆشاو بێت، ئێستا خۆى لەژێر قورسایى بارگرانى ئۆپۆزیسیۆندا هێزى لێبڕاوە و جوڵەکانى بە خێرایى کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئۆباڵى ئەم نەهامەتییە، لە پلەى یەکەمدا لە ئەستۆى خەڵک خۆیدایە و ئەویش باجەکەى دەدا، چونکە ئەوان لە قارەمانترین کاتەکانى پەلاماردا، نەیانتوانى خۆیان لەژێر هەیمەنەى بتەکاندا رزگار بکەن و جارێکى تر کەوتنەوە ژێر کاریگەرى پەرستنەوەى بتەکان، ئەو بتانەى کە سەریان لەناو گرد و بارەگاى حزبەکاندا بووە و قاچیان لەناوى ئەو رۆشنبیرانەدا بووە کە بەکردەوە بەشێک بوون لە ستراتیجى ئۆپۆزیسیۆن و بە عەشقەوە گوێیان بۆ دووبارەبوونەوەى ناوەکانى خۆیان شل دەکرد و غرورییەکى بێڕادە منداڵانە دایدەگرتن و کاتێکیش کەرنەڤاڵەکە کۆتایى هات، حاڵیان لە حاڵى بەد مەستە بەجێماوەکان باشتر نەبوو. لەناو ئاپۆرەى خۆپیشاندان، لەناو ئەنجومەن و لەناو دەستەو گروپەکاندا هەوڵى زۆرماندا تا بەها و شەخسییەتى شەقام نەکرێتە پاشکۆى ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام سەرەنجام لێشاوێک لە رۆشنبیران و چالاکوانانى کۆمەڵگاى پرۆپۆزەڵ، کە بە شەو دەتۆران و بە رۆژ ئاشت دەبوونەوە، لێشاوێک لە رۆژنامەوانێکى بەناو ئەهلى، کە بزانن و نەزانن بوونەتە وەسیلەیەکى ناڕاستەوخۆى مەرامى حزبەکان، لێشاوێک لەو سیاسییە پەرپوتانەى بوونەتە جۆکەرى زەمانە، ئەو ئەندام پەرلەمانانەى لەسەرادا کەپتبوونەکانى هۆڵى پەرلەمانیان بەتاڵدەکردەوە و، لە جۆرى ئەمانە، جوجەڵەى بەرچاوتاریکى و وەهمیان تا ئاستى پێگەیشتن بەخێوکرد. ئۆپۆزیسیۆنێک، کە پێش دەسەڵات نەفرەتى لە خۆپیشاندانەکان کرد، توانى ئاپۆرەى ناڕەزایەتى بگۆڕێتە کەرنەڤاڵى خۆ بەتاڵکردنەوە و پڕوپاگەندە. ئەو گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووەى مینبەرى سەرایان لەناو خۆیاندا دابەشکردبوو، لە یەکەمین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا نمەک حەرامانە بە خەڵکیان وت ئێمە دڵسۆزى دەسەڵاتین و لەگەڵ ئێوە نین، دەسەڵات کە پەرتەوازە و پەشێویى جەماوەرى بینى، بەجۆرێک کەوتە وێزەیان و هاوکاتیش شکرو تقدیریان بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەنارد. لەماوەى رابردوودا گەلێک هەڵەمان بەسەردا تێپەڕى، بەڵام هەموو هەڵەکان لە خۆشخەیاڵبوون بە ئۆپۆزیسیۆن یان لە کاردانەوە بەرامبەر بە هەڵانەکانى ئۆپۆزیسیۆن، سەرچاوەى گرتووە،. زۆر دانمان بەخۆماندا گرت، مەگەر چاوپۆشین لە تاوانى سەرانى گۆڕان، چاو پۆشین لە تاریکى ئیسلامییەکان، وەستانەوە لە یەک مەیدان لەگەڵ جەلادەکانى دوێنێیى تیرۆر و چاودێریدا، هاوشان بوون لەگەڵ جیلێک لە کادێرە نەخوێنەوار و بێ ئیشەکانى ئۆپۆزیسیۆن، مەرحەباکردنى ئەو لێپرسراوە گەندەلڕء هیچانەى تا دوێنێ سەرچاوەى گەندەڵى و فەسادى ئابوورى و سیاسى و تەنانەت ئەخلاقیش بوون، تەوقەکردنمان لەگەڵ ئەو دەستانەى هاوڕێکانى خۆمانیان تیرۆر کردبوو، بزەکردن بۆ ئەو مەلا فاسدانەى مینبەرەکانیان کردبووەو دەکەنە شوێنى فتواى تیرۆرى ئازادى و مراعاتکردنى رۆشنبیرە کەم چیکەڵەدانەکان، بۆچى بوو؟ هەموو ئەمانەمان بۆ ئەوە بوو، سنورێک بۆ دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى دەبنێین، دەسەڵاتێک 20 ساڵە بەرەڵاترین سیستەمى سیاسى و بەڕێوەبەرێتیان سەپاندووە بەسەر کۆمەڵگادا، بەڵام ئێستا بە ئاوڕ دانەوە لە یەک ساڵەى خۆپیشاندانەکان، جیا لە چیایەک پرسیار و پەشێمانى چى تر هەیە بیڵێین؟ من لۆمەى کەس ناکەم، هەموو ئەوانەى هاتنە سەرشەقامەکان، باڵاترین هەڵوێستى خۆیان نواند، قوربانیان دا، بەڵام هێزەکانى ئۆپۆزیسیۆن جیا لە گەنەیەک بەسەر لاشەى خۆپیشاندەرانەوە هیچى تر نەبوون، خۆیان زۆر شتیان دەستکەوت، بوونە خاوەن ناو، بوونە هێز، بوونە خاوەنى پارەو بوجەکەیان بۆ گەڕایەوە و قەرزە ملیۆن دۆڵارییەکانیان لەسەر نەما، ئەوان زۆر شتیان دەستکەوت، کە ئێستا ناچارن بیهێڵنەوە و بیپارێزن و بە ئاسنى لەدەستى نەدەن، ئەوانەى دەستکەوتەکانیان سنوردار بوو تەنیا هێزێکى بێ پشتیوانى شەقام بوو، کە ئێستا ناچارە بیر لە رێگایەکى تر بکاتەوە... ئێستا کە یەکەم ساڵڕۆژى 17ى شوبات بەو جۆرە تێپەڕ دەبێت، کاتى خۆیەتى مەرحەبایەک لە مامە حەمەکانى ئۆپۆزیسیۆن بکەین ، ئەوانەى هەموو سێوەکانیان خستە ناو سەبەتەى ئۆپۆزیسیۆن. This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it |
| Last Updated on Monday, 20 February 2012 12:33 |
خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستیخۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ... |
بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ... |
مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستانداڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ... |
هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ... |