ڕه‌وه‌ند


17ى شوبات، رەمزێک بۆ ستەم، دەرسێک بۆ خەبات Print
Friday, 17 February 2012 15:42

عەلى مەولود

17ى شوبات بوو بەئاماژەیەکى مێژوویى لەژیانى سیاسى خەڵکى کوردستاندا، ساڵێک لەمەوبەرو لەمڕۆژەدا لەمەیدانى ئازادى شارى سلێمانى و دواتر لەمەیدانەکانى ئازادى زۆربەى شاروشارۆچکەکان، فووکرا بەگەرووى مایکرۆفۆنەکانداو لەپێناو ئازادى و دادپەروەرى و یەکسانیدا، دەنگى هەقخوازانەى خەڵک بەرزبۆوە تاکو هێڵێک لەنێوان کۆتایى و سەرەتاى دوو قۆناغى جیالەیەکتر، بکێشێت و لەوبەروارەوە ژیانێکى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و کەلتورى نوآ، جیاواز لەوەى پێشوو، دەستپێبکات.

 

لەبەرامبەر گەندەڵى و بێدادى 20ساڵى رابردوو، لەبەرامبەر بێدەربەستى و ئەو جیاوازیە چینایەتى و کۆمەڵایەتیە گەورەیەى نێوان بەرپرسان و خەڵک، لەبەرامبەر دەستوورێکى پێشنیارکراو کە بۆ بەرهەمهێنانەوەى دەسەڵاتى میرو بەگزادەو کەلتوورى خێلڕ و یاساى جەنگەڵە، لەدژى یاساى خۆپیشاندان کەدەستى ناوەتە بینەقاقاى هەموو ئازادیەکان و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانمان بیردێنێتەوە، لەبەرامبەر یاساى رۆژنامەنووسى کە لەپێناو شاردنەوەى کارنامەى بەرپرسان و بنەماڵەکانیان رووماڵکردنى رووداوەکان حەرامدەکات، لەبەرامبەر ئەو هەموو گزى و ناپاکیەى لەسندوقەکانى دەنگدان کرا، لەبەرامبەر ئەو هەموو درۆیەى بەناوى ئازادى و دیموکراسیەوە کرا، لەبەرامبەر چۆکدادان و چاوچنۆکى کاربەدەستان بۆ پارەو کورسى و سامان، لەبەرامبەر ئەوەى کۆمەڵێک کەسى ناشارەزاو لێنەهاتوو وەک زاروو بەگوانى هەموو بڕگە هەستیارەکانى کۆمەڵگاوە نوساون و لێینابنەوە و لەبەرامبەر ئەوەى کە هیچ ئومێدێک بەچاکبوونى ئەمانە نەما ... خەڵکى کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان و بۆ نووسینەوەى مێژوویەکى نوآ، 63 رۆژ لەمەیدانى شارەکان بەپێوەراوەستان و شەوانى هەموو ئەورۆژانەش بەدیار هەواڵى گلانى ئەم دەسەڵاتەوە دانیشتن.

ئەمە وێنەیەک و نمونەیەکى نوێ بوو لە خەباتى سیاسى و کۆمەڵایەتى خەڵکى کوردستاندا، قۆناغێکى نوآ بوو لەدژوەستانەوەى دەسەڵات و شێوازێکى نوآ بوو لەداواکردن و بەدواداچوونى مافەکان کە هێزو ئیرادەى جەماوەر تیایدا رەگەزى سەرەکیە، ئەگەرچى ئەمجۆرە خەباتە و ئەمجۆرە بزووتنەوەیە لەمێژووى دوورو نزیکدا چەندینجار ستەمکارانى کێشاوەتە پاى دادگاو لەقەفەزى تاوانى پێچاون. بەڵام بەداخەوە لەکوردستان هێشتا لەسەرەتادایە، ئەویش لەبەرئەوەى:

  1. خەڵک رێکخراو نیە، رێکخراوبوونى چین و توێژەکانى وەک کرێکاران و موچەخۆرانى دەوڵەت و ژنان و قوتابیان و لاوان و کاسبکاران پیشمەرجى زۆر پێویستن بۆ سەرکەوتنى هەرشۆڕش و راپەڕینێک، بەبآ ئەم رێکخراوانە شۆڕش و راپەڕین ئەگەر سەریشکەوێت بەرهەمەکەى هێزەکانى تر دەیبەن.
  2. ئامانج و داخوازیەکان، وە رێگاو میکانیزمى بەدیهێنانیان لەئاستێکى فراوانى شەعبیدا فۆرمۆڵە نەکراون و ناناسرێن، تەنها لاى نوخبەیەک ئەمانە رۆشنن، راستە هاتنەمەیدانى خەڵک گرنگە بەڵام گرنگتر ئەوەیە بزانێت چی دەوێت و چۆن بەدیدێنێت.
  3. ئەو هێزە سیاسیانەى بەرواڵەت هاوخەباتى خەڵک بوون، هەلپەرست و ناراستگۆ بوون لەگەلڕ خۆپیشاندان و داواکاریەکانى خەڵک و خیانەتیان لەو هاوپەیمانێتیە نەنووسراوە کرد کە لەکاتى هەڵبژاردنەکان و لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا خەڵک لەگەڵى کردن، ناڵێم خۆپیشاندانەکانى کوردستان هاوشێوەى شۆڕشەکانى ناوەڕاستى سەدەى 19ى ئەوروپایە، بەڵام خیانەتى ئەم هێزانەى نەیارى دەسەڵات هاوشێوەى خیانەتى بۆرژوازى ئەوکاتەى ئەوروپایە کە هێزو تێکۆشانى کرێکاران و زەحمەتکێشانیان تەنها بۆ ئامانجى خۆیان کەڵک لێوەرگرت و داخوازى ئەوانیان فەرامۆشکرد. هەروەکچۆن لێرە بۆ مامەڵەو سەودا نەبێت داواکاریەکانى خەڵکیان بیرنەکەوتۆتەوە.
  4. بەرژەوەندى وڵاتانیش یەکێک لەفاکتەرەکانە، وڵاتانى دەوروبەرو لەسەروو ئەوانیشەوە ئەمریکا هێشتا بەرژەوەندییان لەمانەوەى پارتى و یەکێتیدایە و لەدەرەوەى ئەوان لەبەرژەوەندى خۆیان دوودڵن و بەوهۆیەشەوە لەهاتنەمەیدانى خەڵک دەترسن.

لەبارودۆخێکى وادایە کە ململانێى نێوان خەڵک و دەسەڵات تاڕادەیەک بەهاوسەنگى ماوەتەوە، داخوازى و نارەزایەتی پەرەیانسەندووەو بێئومێدى بەم دەسەڵاتە زیادیکردووە، بەڵام پارتى و یەکێتیش زیاتر نوقمى بەژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیى بوون و بەهەرنرخێک بێت ناهێڵن حکومەتێکى واقیعى و دەسەڵاتێکى نیشتمانى لەم هەرێمە دابمەزرێت و بوار بەربەئیرادەى خەڵک نادەن و لەپێناوى مانەوەى خۆیاندا هەرچى لەدەستیان بێت دەیکەن، وەکچۆن شەقامى شارەکانیان بەخوێن سوورکرد، تاوانبارانیان لەدەستى جەماوەرو لەدەستى یاساکانى خۆشیان پاراست، تاوانباریان بێتاوان و بێتاوانیان تاوانبارکردو ملیان بە یەک داواکارى خەڵک نەدا و یەک هەنگاویشیان بۆ چاکسازى نەنا. تەنانەت ئەوەندە لەگەلڕ خەڵک لێکدوورو جیاوازن کە لەگەلڕ یەک خاڵى داواکارییەکانى خەڵک یەکناگرنەوە. ئەوان لەدۆڵێک و خەڵک لەدۆڵێک.

بەکورتى خەڵک بەئاراستەیەک و دەسەڵاتیش بەئاراستەیەکى پێچەوانە رێگادەبڕێت، خەڵک بۆ ئازادى و دەسەڵات بۆ سەرکوت، خەڵک بۆ یەکسانى و دەسەڵات بۆ قوڵکردنەوەى جیاوازى نێوان چینەکان، خەڵک بۆ عەدالەتى کۆمەڵایەتى و دەسەڵات بۆ بێدادى، خەڵک بۆ دەسەڵاتێکى گشتى نیشتمانى و دەسەڵات بۆ دەسەڵاتێکى حیزبى و بنەماڵەیى، ناکۆکیەکان هەر ماون و رۆژبەرۆژیش قوڵتردەبنەوە، نەداخوازیەکانى خەڵک جێبەجآ بوون و نەدەسەڵاتیش دەستى لەسیاسەتى خۆى هەڵگرتووە، نەخەڵک متمانەى بەدەسەڵاتەو نە دەسەڵات منەتى بەخەڵکە، دەسەڵات لەجیاتى وەڵامدانەوەى خواستەکانى خەڵک لەسەرەوە فریوکارى دەکات و لەژێرەوەش قاچى کەسانى دى رادەکێشآ بۆناو زەلکاوى گەندەڵى.

سەرەنجام ئەم ململانێیە پێویستى بەیەکلابوونەوەیەو یەکێک لەئەگەرەکانیش کەوتنى دەسەڵاتە، کە گرنگە بزانین چى جێگاى دەگرێتەوە، ئەگەرچى تا ئەم چرکەساتەش شانسى ئیسلامى سیاسى لەکوردستان لاوازە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ناوچەیى و بەکەڵکوەرگرتن لەهاوپەیمانى گۆڕان، دوورنیە ئەوان سندانى دواى قوزەڵقورت بن. بۆیە دەبێت بە حەزەرو وردبینى و هەستیارى زیاترەوە مامەڵە لەگەلڕ رووداوەکان بکرێت و لەژێر کاریگەرى سۆزداریدا بریاریان لەسەر نەدرێت. مریشک هەرچەند بەرز بفرێت ئاکامەکەى کەوتنە، ئەم ئۆپۆزسیۆنە برینى دڵى خەڵک تیمار ناکات، یەک ساڵى رابردوو نمونەیەکى زیندووە، بەتایبەتى ئیسلامیەکان بەهەویەت دژى ئازادین، دژى ژنن، دژى پێشکەوتن و شارستانیەتن، خەڵک دەبێت بیر لەبەدیلى خۆى بکاتەوە. چاوەڕوانى لەبەرنامەى ئەوانەى لانیکەم 20 ساڵە لەگەلڕ ئەم دەسەڵاتە شیرى یەک مەمک دەخۆن، کارێکى کوشندەیە. گرنگى ئەم خەباتەى خەڵک لەوەدایە پشت بەهێزى خۆى ببەستێت.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

Last Updated on Friday, 17 February 2012 15:44
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان 17ى شوبات، رەمزێک بۆ ستەم، دەرسێک بۆ خەبات