ڕه‌وه‌ند


کۆمۆنیزمی کرێکاریی و پەتای لەتلەت بوون! Print
Thursday, 05 January 2012 10:23

کازم قادر

لە پەیوەند بەو هەموو پارت و پارتۆکانەوە کە لە هەناوی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە هاتوونەتەدەر،جددیترین پرسیار بە ڕای من ئەوەیە:بۆچی ئەو هەموو جیابوونەوانەو هۆکارو ڕیشەی ئەو فەوزای حزب دروستکردنانە چین؟هەڵبەتە دەکرێت ئەو پرسیارە کرابێت و بە شێوازی فرەڕەنگ وەڵامی درابێتەوە،بەڵام پێدەچێت وەڵامەکان کرچ و کاڵ و زۆریش نەرێتیی بووبێتن.نمونەی زۆر بەرجەستە لەم ڕووەوە،واتە لە پەیوەند دواجیابوونەوەی حزبی"حیکمەتیست"وە،کۆی ئەو نوسین و بەیاننامەو کەمپەین و کۆمێنتانەیە کە لە ماڵپەڕو ڕۆژنامەو پێگەی فەیسبوک و تاد...

بڵاو کراونەتەوەو دەکرێنەوە،کە هەمووی لە یەک بازنەی داخراو و لە تێگەیشتنێکی زۆر سادەوە هەڵدەقووڵێن،تێگەیشتنێک تەنها دەلیلی هەژارییەکی گەورەیە.لە هەمووشی سەیروسەمەرەتر کەمپەینی بەرگریکردنە لە لە داڕمانی حزبی حیکمەتیست،ئەمە لە کاتێکدا حزب داڕماوەو لەت و پەت بووە،نەک ئێستاش بەڵکو مێژوویێکەو مێژوویێکی لەت پەتبوونی خستۆتەپشت سەر!واتە مێژووی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە دوای مردنی مەنسوری حیکمەت مێژووی لێکترازان و سەنگەر لێکگرتن و تۆمەتبارکردن و نەفرەت لێککردنێکی ناشیرین و ترسناکە.مێژوویێکە هاوڕێکانی دوێنێ نەیارە بەدەکانی ئەمڕۆن،مێژووی خەباتی"کرێکاریی و کۆمۆنیستییە"پێکەوەو مێژووی دابڕانەکان و بەتاڵبوونە لە خەسڵەتەکانی کرێکاریی و کۆمۆنیست بوون.واتە کاتێک پێکەوە بوون،هەموان کۆمۆنیستی کرێکاریی بوون و هەر جیابوونەوەیەکیش یەکسانە بە سڕینەوەی ئەو خەسڵەتانە لە یەکتریی،بە کورتیی یان یاری یان قێزەونترین دووژمن.ئەم یان دۆستی یان دووژمنیت،تەنها لە حزبە(کرێکارییەکانی)ئێراندا بەرجەستە نییە،بەڵکو ئەو نەرێتە ترسناکە لە ناو کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و_کوردستان_باشوریشدا  ئامادەیە.کۆمۆنیزمی کارگەریی لە عێراقدا هەمان پرۆسەی لەتلەت بووون و بە دووژمن کردنی کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی گروپ و پارتەکانی خۆیە. کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراق و ئێراندا وەک چۆن دوژمنێکی چینایەتیی سەرمایەداریی هەیە،لە نێو دەرونی خۆیشیدا لە دوژمنکارییەکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ ئەوانیتر.ئەوانیتر واتە ئەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانەی لەوانەیە خیلافێکی سیاسیی بچوک یان بە هەر ڕێژەیێک لە نیوانیاندا بووبێت.

 

ئێستا بۆ نیشاندانی هۆکارەکانی دیاردەو ئارەزووی چەوت و ناواقیعیی حزب دروستکردن و پارچەپارچەبوون لە لایێکەوەو فەرهەنگی دواکەوتوانەو دووژمنکارانەی_یان دۆستی یان دووژمنی_لە لایێکیترەوە پێداگریی دەکەین،واتە هەوڵ دەدەین ڕیشەو هۆکارە بابەتیی و زاتییەکانی ئەو تراژیدیایە بە لایەنی کەمەوە بدۆزینەوە کە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەریی شەق و پە‌ق کردووەو دەیکات.چوونکە دیاردەی لێکترازان و پەرتەوازەیی کۆمۆنیزمی کارگەریی زۆر لەوە قووڵتر،ئاڵۆزترە کە ئەمڕۆ هاوڕێیانی کۆمۆنیست لە ساتی دووکەرتبوونی حزبی"حیکمەتیست"دا قسەوباسی لێوە دەکەن.چوونکە ئەو بابەتانەی تاکو ئێستا لەو بارەوە نوسراون،دەخوازن بە هەر جۆرێک بووە ڕێگە لە جیابوونەوە بگرن،ئەم بەشە هەم دووکەرت بوونەکەی ئەو حزبە نابینێت هەمیش سادەبینە.بەشێکیتر باس لە پێشێلکاریی یاساوڕێساو بڕیارنامە حزبیی و ڕێکخراوییەکان دەکات کە ئەم لایێن یان ئەویتر پێشێلی کردووە.ئەو بۆچوونەش پێیوایە ئەگەر پێشلکاریی پرەنسیپە_زەبروزەنگە حزبییەکان_نەبوایە دەتوانرا کێشەکان چاسەر بکرانایەو جیابوونەوە ڕووینەدایە.ئەم ئاراستەیە کە لە هەبوونی هەر جیاوازیی و دەرگیرییەکی دەروونییدا پەنا بۆ ئەو چەکە دەبات،خەتەرترین ئاراستەیە لە ناو کۆمۆنیزمی کارگەرییدا(ڕەگی دیکتاتۆرێکی خەوتوو)ئەمە هەر ئەو سەرکوتگەرییە ڕێخراوەییە ستالینییەیە کە دۆست و دوژمی کۆمۆنیزم و هەر یەکەیان بۆ ئامانجی خۆی باسی لێوە دەکات.ئەم ئاراستەیە لە جیاتی فرەوانکردنی پانتایی ئازادیی و ڕێگە خۆشکردن بۆ هاتنەگۆی بیروڕای جیاواز،کەچی بە چەکوش و تەختەو بزمار،واتە زەبروزەنگی یاساوڕێساکان وەڵام دەداتەوە،ئەو خەتە هەمان خەت وفەرهەنگی چەپی نەرێتییە کە تاکو ئێستا لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەرییدا باڵا دەستەو درێژە بە ژیان و فەرهەنگی خۆی دەدات.کۆمۆنیزمی کارگەریی گەرچی لە مێژووی خۆیدا و لە باری تێورییەوە ڕەخنەگرێکی بەرچاو بووە لە فەرهەنگ و نەرێتە چەپیی وناکرێکارییەکان،بەڵام لە باری کردەییەوە و لە زۆربەی بوارەکاندا بارگاوییە بە هەمان خەسڵەتی چەپی نەرێتیی و ناکرێکاریی.لەم ڕووەوەو بۆ وەڵام دانەوە بەو ڕەهەندانە کە ئاماژەم پێدان و بۆ ئەوەی تەنها قسە فڕی نەدەم،بە کورتیی نمونە بەرچاو دەخەم.

بە بۆچوونم کۆی ئەو دەردانەی لە جەستەی کۆمۆنیزمی کرێکارییداوە،هەر لە جیابوونەوەکانەوە تا دەگاتە یەکتر ناشیرینرکردن،تۆمەتبارکردن،بە دووژمنکردن و تا سڕینەوەی جیاوازییەکان و لێسەندنەوەی خەسڵەتەکانی کرێکاریی و کۆمۆنیست بوون لەوانیتر،لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ناکۆمەڵایەتییبوونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ئاستی کۆمەڵگەدا و بە تایبەت لە ناو چینی کرێکاردا، ڕیشەی لە پراکتیکی ناکۆمەڵایەتیی و ناکۆمۆنیستییدایە.واتە سیاسەت کردن،فەرهەنگ،ئامرازەکانی خەبات و هۆشیارکردنەوە،هەمان میکانیزمی بزوتنەوەکانی جەپی نەرێتییە.مێژووی چەپی نەرێتیی مێژووی هەڵتوقین و دروستکردنێکی ناتەندروستی سەدان گروپی جۆراوجۆرە،ئەم چەپە بەهۆی دەرگیر نەبوونی بە کێشەوگرفتە بابەتییەکانی کۆمەڵگەو چینی کرێکارەوە،واتە بە هۆی دەست بەتاڵییەوە،هەمیشە لە شەروکێشەیێکی سەختدا بووە هەم لە  دەرونی خۆیداو هەمیش لە بەرامبەر گروپەکانیتردا.هەروەها خەسڵەتێکیتری چەپی ناکرێکاریی،وەڵام نەدانەوەی دروستە بە کۆی کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگییەکان،کۆی ئەو کێشانەی کە لە کۆمەڵگەیێکی چینایەتییدا هەیە.واتە چەپ لە بەرامبەرکێی واقیعی چینی کرێکارو سەرمایەوە دەرگیری سیاسەت و ململانێ چینایەتییەکان نەبووەو نابێت،بەڵکو لە دوورەوەو لە گۆشەیێکی کۆمەڵگەداو بەدوور لەو ململانێ واقیعییە سەرقاڵی کێشە وەهمییەکانی خۆیەتی.لەم ڕوانگەیەوە،بەبۆچوونم کێشەکانی ناو حزبی حیکمەتیست و کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقدا هەرچییەکبن و خۆیان چۆنی لێک بدەنەوە،هەروەها بۆ خۆیان چ بانگەشەیێكی کرێکاریی و کۆمۆنیستییان هەیە،بە ڕای من لە کێشەیێکی مەکتەبی و گروپچێتیی واوەتر نییە.چوونکە ئەو جەنگەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە ناو حزبەکانیدا بەڕێی خستووە،بە هیچ شێوەیێک کێشەی چینی کرێکارو کۆمەڵگە نییە.کێشەیێک نییە لە ناو جەرگەی خەبات و ململانێی چینایەتیی کرێکارو سەرمایەوە هاتبێتەدەر،کێشە نییە لە سەر ئەوە کە ئەم حزب یان ئەوەیتر خەریکی سازشکردنە لە گەڵ بۆرژوازیی،کێشە نییە لە سەر بابەتێکی هەرەگرنگ و پایەیی وەک شۆڕش.ئەوە کە ئەو کێشانە نابنە کێشەی کۆمەڵگەو چینی کرێکار یەک دەلیلی سادە بەڵام بێڕادە بەرجەستەیە،کە ئەو جەنگە جەنگی گروپەکانە،لە یەک ڕستەدا شەڕی ئەو گروپە دوورەدەستانەیە کە لە دەست بەتاڵییاندا خەریکی نانەوەی ئاژاوەی سیاسیی و دەستەگەریین.لە بەر ئەوە ئەو کێشانە هەرچەندە مایەی خۆشحاڵییمان نین،بەڵام هێندەش جێگەی نیگەرانیی نین!

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

28.12.2011

Last Updated on Thursday, 05 January 2012 10:35
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان کۆمۆنیزمی کرێکاریی و پەتای لەتلەت بوون!