ڕه‌وه‌ند


پارتی و تراژیدیای سینارێو! Print
Thursday, 08 December 2011 23:15

کازم قادر

ئەگەرچی هەمیشە سینارێوکانی پارتی گەمژانەو پتر لە کۆمیدیاوە نزیک بوون تا تراژیدیا، بەڵام لە ناوکۆی کردارە کۆمیدییەکانیشدا سووچێک یان دیوێکی گەورەی تراژیدیا هەیە، واتە شتێک نییە ناوی کۆمیدیاو تراژیدیای ڕووت بێت. لەم ڕووەوە فیلمە کۆمیدییەکانی چارڵی چاپلن یەکێک لە بێوێنەترین ئەو نمونانەن پێمان دەڵێت: کۆمیدیاکان بە ژان و ڕاستییە تاڵەکان ئاوسن، بە تراژیدیاکان ئاوسن کە دەکرێت ڕۆژێک هەموومان شاهێدی هەلاهەلابوونی هەموومان بین! خواردنی پێڵاوی کوڵاو لە چاپڵندا ئەوە نییە مرۆڤ بەبینینی دەم بکاتەوەو قاقاپێبکەنێت، بەڵکو ئەو پرسە گەورەیەیە بۆچی مرۆڤ پێڵاو دەخوات؟ تراژیدیای جەنگ وبێنانیی و هەژارییە، وێنەی سیستەمی بۆگەن و بێدادی سەرمایەداریی نماییش دەکات کە تێیدا هەژاریی دەبێتە گاڵتەجاڕو خوێن لە قاقاکانێوە دەچۆڕێت.

 

لێرەوەو لەم نوسینەدا پتر جەخت لەسەر دیوی تراژیدیاکان لە هەناوی کۆمیدیاکاندا دەکەین. چوونکە پارتی وەک دەسەڵاتدارێکی گەمژەو گاڵتەجاڕ، هەمیشە بەڵاوکارەساتی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە کە لە ٣١ ئابدا دەگاتە دواچڵەپۆپەی خۆی.٣١  ئاب کێشمەکێشێکی سیاسیی مۆدێرن لە نێوان دوو هێزی سیاسییدا نییە کە دەکرێت لە شەڕیشدا کۆمەڵێک پرەنسیپی مرۆیی هەبن و پێشێل نەکرێن، بەڵکو کردەی ٣١ ئاب لۆژیک و تۆڵەی خێڵەکییانەیە لە نەیاران، ئەو کولتورەیە کە دەکرێت لە کێشەی نێوان دووخێڵداو بۆ"سەرشۆڕکردن"و ئەتککردنی خێڵێکیتر کچێکی تەمەن پنێج ساڵیش لاقە بکرێت.

پارتی لە داڕشتنی سینارێودا هەم بێڕادە گەمژەیەو بێڕادەش ملهورو ترسناک. گەمژەییکەی لەوەدایە مەگەر گەمژەترینی یەکێک لە 1000مێردەکە باوەڕی پێبکات، ملهوڕوترسناکە چونکە هیچ بەهاو پێوەرێکی مرۆیی نامێنێتەوە کوێرانە ژێرپێی نەنێت، هەردوو ئەو ڕەهەندانەش لە پارتیدا هۆکارو زەمینەی بابەتیی خۆی هەیە. لە بارەی خاڵی یەکەمەوە، واتە گەمژەبوونی پارتی سەری لە ناو کولتورو لۆژیکی خێڵدایە. ئەم لۆژیکی خێڵەکییە هەرگیز دونیا وەک خۆی نابینێت،واتە دونیا وەک جووڵەیێکی بەردەوام و مرۆڤ و کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکەی لە باری گەشەکردن و پەرەسەندندا. بەڵکو پارتی کۆمەڵگە وەک دوێخانێک دەبینێت کە ئەوەی کوێخا دەیڵێت و دەیبینێت و هەستی پێدەکات هەر ئەوەیەو لە دەرەوەی ئەوە هیچیتر نییە. فەرهەنگی پارتی فەرهەنگی ئەزبەنی و ئەز غوڵامی تۆمە، واتە گەمژەیی پارتی و لێرەشەوە ساویلکەیی سینارێوکانی تەنها دیاردەیێکی بێباکیی و ملهوڕیی ئەو پارتە نییە، بەڵکو ئەوەشە کە ئەو پارتە تەنها لە درزی دەوارەکانی خێڵەوە دەڕوانێت و هەر بە تەنهاش وتەو لۆژیکی کوێخاو خاوەن دوێخانەکان دەبینێت. بە مانایێکی ڕوونتر، نووقمبوونی پارتی لە ناو کولتوری خێڵدا ئەو پارتەی هێندە کوێرو دەبەنگ کردووە دەست بۆ گاڵتەجاڕترین سینارێو ببات و باوەڕی تەواویشی هەبێت کە خەڵکی باوەڕیان پێدەکەن. هەروەها دیوێکیتری ئەو کولتورە خێڵەکیی و ساویلکەوێژییە ئەو ڕاگەیاندنە دیماگۆجیی و بێتامەیە لە بارە ڕووداوەکانی بادینانەوە کە لە زاری بەرپرس و درۆبێژو قەڵەمفرۆشەکانی ئەو پارتەوە بەیان دەکرێت: تیڤییەکان،ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان و تا دەگاتە "فیییس بوک"، کە چۆن هەموویان چەند ڕستەو واژەی سوواو و کاتبەسەرچوو دەڵێنەوە ئەگەر مرۆڤ لە ئاستیاندا نەڕشێتەوە لەوانەیە بمرێت.

بە کورتیی، گەمژەیی لەو پارتە خێڵەکییەدا لە ئاستێکدایە کە کۆی کۆمەڵگەی کوردستان وەک گەمژە دەبینێت، وەک مرۆڤ گەلێکی دەست و پێ سپی کە هیچ نازانن.ئەو ئاستەش لە تێگەییشتن بۆ ئەویتر ئاستێکی زۆر ترسناکە. واتە کاتێک پارتی کۆمەڵگە وەک نەزان و بێ چاو و گوێ دەبینێت،ئیتر سڵ لە هەر کارێکی دڕندانە ناکاتەوە. ئەو کاتە بەبەرچاوی دونیاوە دەکوژێت و دەڵێت من نیم، گولە بە دەمی سەردەشت عوسمانەوە دەنێت و دەڵیت تێرۆریست بوو، ئەرزو ئاسمان دەسووتێنێت و دەڵێت ببینن ناحەزان چۆن ئارامیی و ئاساییشمان تێکدەدەن، دەڵێت: پیلان لە دژی پارتی و کوردستان لە ئارادایە، (پارتی و کوردستان!)

لە بارەی ملهوڕیی و ترسناکیی پارتییەوە دەتوانین پەنجە لەسەر چەند هۆکارێک دانێین، لەوانە: پارتی ئیتر هێزێک نییە و قەتیش ئەو هێزە نەبووە بتوانێت لەسەر بنەمای پرۆژەی سیاسیی و خۆشگوزەرانیی و بەها مرۆیی و ئازادییەکانەوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات، چوونکە ئەو بەهایانە کەم و زۆر پەیوەندیی بە نەرێت و کولتوری خێڵایەتییەوە نییە. لۆژیکی خێڵ تەنها ‌هێزی خەنجەرو گۆپاڵ دەبینێت و لە ڕووکەشدا پارتی لەو گۆپاڵ بەدەستانە بەهرەمەندە، بەڵام هێزێکی گەندەڵ و مشەخۆر کە لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی ئایندەدا یەک دەواری شڕو یەک دوێخانیان بۆ ناپارێزرێت. بەڵام لایەنی زۆر ترسناک لە پارتیدا کە دەبێت خەڵکی کوردستان لێیئاگەداربن، بە مەقاشبوونی ئەو پارتەیە بە دەست دەوڵەتانی فاشیستی ناوچەکەوە بە تایبەت دەوڵەتی هارودڕندەی تورکیا. چوونکە ملهوڕیی و تێرۆریزمی پارتی لە بەرامبەر ئازادیی و خەڵکی کوردستاندا ئەگەر لە ڕوویەکەوە گرێدراوی فەرهەنگی خێڵەکیی ئەو پارتە بێت کە پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەوا لایەنی دووەم سات وسەوداو بە کۆیلەبوونی ئەو بنەماڵەیەیە لە پێناو مانەوەیاندا بۆ دەوڵەتانی ناوچە.واتە لایەنێکی سەڕەۆیی و زەبروزەنگی پارتی لە پشت بەستووییانەوە دێت بە هێزە دەرەکییەکان. بەبۆچوونم پارتی، هێزی سیاسیی نییە، بەڵکو ڕیکخراوێکی چەتەگەریی خێڵەکییە، تەنانەت باوەڕم وایە تەعبیری دیکتاتۆریی بۆ پارتی بنەمای زانستیی نییە، چوونکە زاراوەی دیکتاتۆریی پەیوەندیی بەرجەستەی بە سیاسەت و زانستی  سیاسییەوە هەیەو پارتیش کەم و زۆر پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە. زەبروزەنگو ستەمگەریی پارتی تەنها وەک خێڵێکی دڕندە واتا پەیدا دەکات. مێژووی بناماڵەی بارزانی نەک مێژووی سیاسەت بەڵکو مێژووی بەکرێگیراوییە  بۆ ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، کرێگرتەیی و خۆفرۆشیی دیاردەیێکی واقیعیی مێژووی زۆربەی  خێڵەکانەو پارتیش لە لوتکەی ئەو مێژووە بەرقەرارە. ئەو خێڵە ئێستا زیاتر لە هەر سەردەمێک گەورەترین مەترسین بۆ سەرخەڵکی کوردستان، چوونکە وەک چۆن دەیانەوێت هەموو خەڵکی کوردستان بکەن بە کۆیلەی بنەماڵە، بۆ خۆشیان بەدترین کۆیلەی دەستی وڵاتانی فاشیستی ناوچەکەن،ئەو کۆیلەبوونەش لە بنەماڵەی بارزانیدا ئاوسە بە چەندین ٣١ی ئابیتر، ئەوەش مەترسییە هەرە گەورەکەیە.

لایەنێکی زۆر گرنگیتر لە پەیوەند بە سووتاندنی بارەگەکانی یەکگرتووی ئیسلامییەوە پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە، بە قوربانیکردنی یەکگرتووی ئیسلامییە کە بە داخەوە میدیای کوردیی_دەرەوەی دەسەڵات_خەریکە هەر ئەو کارە دەکات، واتە دیتنی یەکگرتوو وەک قوربانییەک. چوونکە ئەوەی لەو نێوەدا قوربانییە تەنها ئازادییە نەک یەکگرتوو. چوونکە یەکگرتوو کێشەیەکی لە گەڵ سووتاندنی شوێنەکانی مەساج و مەیخانەکاندا نییە، یەکگرتوو لە هەر  کاتێک و لە هەر سووچێکی کۆمەڵگەدا دەستی بڕوات هەر ئەو کارە دەکات، هەڵەبجەی سەردەمی ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی ئیسلامیی بەرجەستەترین نمونەیە کە دەبوا ماکەریش دەرپێی لە پێدا بوایە. شەڕی پارتی و یەکگرتوو شەڕی یەک بەرەی کۆنەپەرستییەو هێندەی سەرە دەرزییەک پەیوەندیی بە ئازادییەوە نییە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە ئەو شەڕی خنکاندنی ئازادییە.

دوا قسە، پارتی بنەماڵە دەستیان داوەتە قێزونترین و ڕەشترین سینارێو، ئەو شاڵاوە خێڵەکییەی پارتی لە زاخۆ و چەند ناوچەیێک دەستیان بۆ بردووە، سەرەتایەکی تری سەرکوت و تۆقاندنی دەنگی ئازادییە، هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ئەوە دوا پیلانی نەگریسی پارتی نییە، بەڵکو ئەوە تەنها سەرەتایەکی بچووکە!

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

08.12.2011

Last Updated on Thursday, 08 December 2011 23:17
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان پارتی و تراژیدیای سینارێو!