ڕه‌وه‌ند

بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ کوێ! Print
Sunday, 11 February 2018 11:27

حەمە غەفور

مامۆستایان و کارمەندان و خەڵکی کوردستان لەنێوان نائومێدبوون بە حکومەتی هەرێم و بانگەشەی هەڵبژاردنی عەبادی و حکومەتەکەیدا ناڕەزایەتییەکانیان بەرەو کوێ ئاراستە دەکەن و چۆن بە ئاکامێکی باشی دەگەیەنن!؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕاماندەکێشێ بۆ لای جێگا و ڕێگای حقوقی - سیاسی و ناسنامەی وڵاتبوونی کوردستان. دەسی دەسی پێکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەم دوو حکومەتەوە باجێکە و بەهۆی نادیاری چارەنووسی سیاسی کوردستانەوە بەردەوام داویانە و ئەیدەن! پێناچێ گۆڕینی دروشم و پلاکارتەکان بە زمانی عەرەبی هیچ کاریگەرییەکی بەسەر گۆڕینی ئەم واقعییەتەوە هەبێ. لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی لەگەڵ حکومەتی "خۆیی"دا نەک هەر نائومێد بووین، بەڵکو قوربانییەکی زۆریشمان داوە و ناکرێ چاوەڕوان بین بە زمانی عەرەبی لەگەڵ حکومەتی شۆڤێنی بەغدایا لەوە باشتر بەدەست دێنین!

 

لەم ماوەیەدا کوردستان نە خۆی ووڵاتێکی سەربەخۆ بووە، نە بەشێکیش بووە لە عێراق! ئەم چارەکە سەدەیەی ژیانی خەڵکی کوردستان بە نرخی قوربانیدان و باجێکی ئێجگار گەورە لەسەریان تەواو بووە. لە پای هەڵواسراوی چارەنووس و نادیاری حقوقی بەوڵاتبوونی کوردستان بووە نەهامەتی و بێبەشی و هەژاری بۆتە بەشی زۆرینەی هاوڵاتیان، وە موقەدەراتی کۆمەڵگاش لەژێر چنگی حزبە مافیاکانی کوردستاندا ماوەتەوە! ئەم خەڵکە و ئەم کۆمەڵگایە نە لەگەڵ حکومەتی حزبە کوردییەکان توانییان دەستیان بە مافێکی زیاتر بگا بۆ چاودێر بوون بەسەر ژیانی ڕۆژانەیان و نە تواناییەکی باشتریان مسۆگەر کرد بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە، نە ئەوە ڕێگایەکیش بوو بۆ بەشداربوونی واقعیان لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگاکەیان! جێگای سەرسوڕمانە ئەگەر بێت و خەڵکی کوردستان باوەڕ بەوە بێنن گەڕانەوە بۆ ناو چوارچێوەی عێراق و تەسلیمبوون بە دەسەڵاتی ناوەند ئەم چاوەڕوانی و ئومێدەیان دابین دەکا!

کەوایە ڕووی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و کارمەندان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەبێ لەوە بێ، ئەم نادیارییەی جێگا و ڕێگای حقوقیی چارەنووسی کۆمەڵگاکەیان بۆ هەمیشە یەکلایی بکاتەوە. هیچ شتێک تەنانەت پارلەمان و یاسا و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتیش بەبێ هەقی حوکمڕانی سەربەخۆ مانایەکی نییە و لەم ٢٦ ساڵەدا بە چاوی خۆمان ئەم ڕاستییەمان تاقیمان کردۆتەوە. دوای ٢٦ ساڵ دەسەڵاتداری کوردی دەبینین بەغدا هەوڵی لکاندنەوەی کوردستان ئەداتەوە بە عێراقەوە و حزبە کوردییەکانیش ملیان پێی داوە. درێژەکێشانی نادیاری چارەنووسی کوردستان و سەرگەردانی جێ و ڕێی حقوقی سیاسییەکەی ژینگەی باڵادەست بوونی حزبەکانی دەسەڵاتی کوردییە. بەمپێیە نە لەژێر سایەی حوکمڕانی کوردیدا بە شێوەی ڕابردوو، وە نە لە گەڕانەوەی کوردستان بۆ سەر عێراق مامۆستایان و کارمەندان و خەڵکی بێبەش بە مافەکانیان دەگەن و مووچەکانیان بۆ دەگەڕیتەوە. هەردوو حکومەت موزایەدەی سیاسییان بەسەرەوە دەکەن و دەیانکەنە کارتی سیاسی دەستیان بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆیان بەسەریاندا.

لە ڕیفراندۆمی ٢٥ ئەیلولی پارساڵدا بە دەنگێکی زوڵاڵ هەموو ووتمان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان! ئەم بەڵێیە لە جەوهەر و ناوەرۆکدا، لە هەمان کاتیشدا نەخێر ووتن بۆ بۆ دەسەڵات و باڵادەستیی یەکێتی و پارتی و هەر هێز و حزبێکی هاوڕێ و هاوئاوازی دیکەیان. ئەوە بەڵگەیەکی مێژوویی ئێجگار گرنگە کە دەیسەلمێنێ کوردستان هەرگیز لەگەڵ عێراق ناتوانێ بحەسێتەوە و بە سەرفرازی بگا. جەخت کردن و پێداگرتن لەسەر ئەم بڕیارە کۆمەڵایەتییە و هەوڵدان بۆ جێبەجێ کردنی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی شاییستە و جێ نیازی خەڵک و ناڕازی لەم بارودۆخە سەرگەردانەی کوردستان، کە هەم چاوەڕوانییەکانی خەڵکی وەڵام بداتەوە، هەم بەگەرخستنی پۆتانسێلی ئیرادە و باوەڕی سەرڕاستی جەماوەری ناڕازی بەکردەوە جیبەجێ بکا لە ڕاستای بەرقەرا بوونی سەرفرازی و شکۆمەندی و بەوڵاتبوونی کوردستان، لە ئێستادا تەنیا ڕێگایەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسی دەسی پێکردنی هەردووک حکومەتی هەرێم و ناوەندی، وە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی جێ متمانەی خەڵکی بێبەش و ستەملێکراوی کوردستان. وە هەر ئەم ڕێبازەش دەتوانێ گوشارێکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی واقعی و بەهێز بێ بەسەر هەردووکیانەوە بۆ دابینکردنی مووچەکان و وەڵامدانەوە بە داخوازییە دەسبەجێکانی دیکەی هاوڵاتیان.

٦ شوبات ٢٠١٨

لینکی هەواڵی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایان: http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=94346

Last Updated on Sunday, 11 February 2018 11:28
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ کوێ!