ڕه‌وه‌ند

بە ڕوخسەتی عەفرین، قسەیەک لەگەڵ ووتەبێژی یەکێتی Print
Monday, 29 January 2018 23:55

حەمە غەفور

ئەگەرچی ئەم ڕۆژانە خەڵکی کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش بە سەرسامییەوە شوێنی مقاوەمەی قارەمانانەی خەڵکی عەفرین و ڕۆژئاڤا دەگرن و لە ناخی دڵ و ویژدانیانەوە ئارەزوو دەکەن سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر هێرشی دڕندانەی سوپای فاشیستی تورکیایا بەدەستبێنن، بەڵام پێمابش بوو کۆمێنتێک لەسەر ئەم ووتەبێژەی "یەکێتی" و ئەم کۆبوونەوە و کۆنگرەیەی کە پێناچێ هەرگیز بۆیان ئەنجامبدرێ بنووسم.

 

ئەم ووتەبێژە بە ناچاری واقعی باڵباڵێن و ئینشیقاق و کوتلەچێتی ناو یەکێتی باڵیکێشاوە بەسەریا و کاری بووە بەمەی وا نیشان بدا کە یەکێتی هیچ عەیبی نییە و وەکو حزبێکی ئاسایی کاری خۆی دەکا. من خۆم سەرسامی خۆم نیشانئەدەم بەرامبەر ئەم پۆستە حزبییەی سەعدی پیرە. چونکە یەکێتی نیشتمانی دیاردەیەکی ناکۆنکرێت و نەزانراوە، بەڵام ئەم ووتەبێژە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بارە نالەبارەی یەکێتی وەستایانە دەڵێی "نە بای دیوە و نە بۆران" وەکو سەردەمی "زێڕینی یەکێتی" لێدوانەکانی ئەدات و مێشیش میوانی نییە!

پاشان باسی بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات و دەشڵێ؛ بڕیارە "زۆرینە"ی ئەو ئەنجومەنە ئامادەی بن، چونکە خۆی باش دەزانێ بەهۆی ئەو باڵباڵێنەوە بە دڵنیایی ژمارەیەکیان ئامادە نابن تا ڕەسمییەتی نەبێ و هیچ بە هیچ نەکات! هەروەها دەڵێ؛ ئەو کۆبونەوەیە بەنیازە "خودا یار بێ" چەند بابەتێک تەواو بکات، لەوانە؛ "ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی و ھەڵبژاردنەکان و چاکسازی ناو یەکێتی"! من بزانم لەوەتەی یەکێتی درزی تێکەوتووە، بە تایبەتیش دوای نەخۆشکەوتنی سکرتێری گشتییەکەی تا ئێستا لە ئەژمار نایەت چەند کۆبونەوەی جۆرا و جۆری ئۆرگانە ڕابەرییەکانی بەستووە هەر بۆ تەواوکردنی ئەو سێ بابەتەی سەعدی پیرە بە سانایی باسی دەکات و تا ئیستا هیچیشیان بە هیچ نەکردووە! بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێ بە بەستنی کۆنگرەوە.

عومرێک تێپەڕی و ئەم یەکێتییە نەیتوانی کۆنگرەیەک بگرێ! تا ئێستا دەیان جار جگە لە ووتەبێژ، کەسایەتیی گەورەی ئەم حزبە بەڵێنیان بڵاوکردۆتەوە بە ڕاگەیاندنەکانا کە بەو نزیکانە کۆنگرە دەگرن و بەڵام ئەم کۆنگرەیە وەکو شەمەنەفەرەکەی سلێمانی لێهاتووە و ڕەنگە هەرگیز نەگات!

قسەی کۆتاییم ئەوەیە، ئەم هەموو جوهدە دەکرێ لەناو ئەم حزبە پڕ ناکۆکییەدا، کە جاران تاڵەبانی پێی دەگوت، "حزبی چەپکەگوڵ" وە ڕاگەیاندنەکان و دنیا پڕدەکەن لە هەواڵی بەستن و نەبەستنی کۆنگرە، بێ ئەوەی هیچ کەسێکی ڕابەری ئەم حزبە بە ووتەبێژەکەشییەوە، بتوانێ کەسێک قانع بکا کە ئەم مەسەلەیە تا چ ڕادەیەک پەیوەندی بە ژیانی خەڵکی کوردستان و خواست و چاوەڕوانییەکانی ئەوانەوە هەیە! من خۆم لە ووتارێکی کۆنمدا لە جێیەک ووتبووم؛ یەکێتی نیشتمانی لە دەوری سفرەی چەوری تاڵەبانی و ئێستاش بنەماڵەکەی شەڕیانە و ئەوەی ڕووئەدات بە هیچ جۆرێک پەیوەست نییە بە گۆڕانکارییەکی چەند چکۆلەش بێ لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان یان تەنانەت لە سیاسەتی کوردستانیش. بۆ هەندێ بەرژەوەندخوازی نزیک لە کەسایەتی و بەرپرسە باڵاکان و بنەماڵەی تاڵەبانی و ملیاردێرەکانیان نازانم!

دەرئەنجام کاک سەعدی پیرە پۆستێکی بێوەی بۆ خۆی پچڕیوە و ڕۆژ نا ڕۆژێ لە تیڤییەکەوە دەردەکەوێ و قسە سەدکەڕەت دوپاتەکانی خۆی بەشێوەیەکی بەشۆشیشەوە جارێکی تریش دوپات دەکاتەوە و پێشی وایە هەواڵێکی ئێجگار گرنگی گواستۆتەوە. بێ ئەوەی گوێ بەمە بدا کە خەڵک بێزاربووە لەم لێدوانانەی.

http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=41356&babet=1&relat=1024

Last Updated on Monday, 29 January 2018 23:57
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان بە ڕوخسەتی عەفرین، قسەیەک لەگەڵ ووتەبێژی یەکێتی