ڕه‌وه‌ند

ڕاگەیەنراوی حزبی حکمەتیست دەربارەی خۆپیشانە مەزنەکانی ئێران Print
Monday, 08 January 2018 16:22

بزووتنەوەی جەماوەری بۆ روخانی حکومەتی ئیسلامی فراوان دەبێتەوە!

لەپێناو سەرکەوتنێکی کرێکاریدا بۆ پێشەوە!

خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و پیاوان و لاوانی ئازادیخواز، لە مەودای بەرفراوان و دەیان هەزار نەفەریدا، لە زیاتر لە شەست شاری ئێراندا، بە دژی گرانی و هەژاری و ناهەمواری ئابووری، بە دژی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی ئیسلامی هاتوونەتە مەیدان. ئەمە ڕاپەڕینی ستەم لێ کراوانی کۆمەڵگایە بۆ نان و ئازادی کە چیتر ناتوانن وەزعی مەوجود تەحەمول کەن. ئەمە ڕاگەیاندن و سەلماندنی ئەم حوکمە پێشینەی ئێمەیە کە کۆمەڵگای ئێران حکومەتی ئیسلامیی ناوێ و ئەم حکومەتە پەڵەیەکی نەنگە بەسەر ڕوخساری ئەو کۆمەڵگایەوە. ئەم بزووتنەوەیە لەژێر کاریگەری کێشمەکێشە دەروونییەکانی حکومەتدا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ تەواوی حکومەت و باڵەکان و پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی کردۆتە ئامانج. هێرش بۆ سەر فەرماندەییەکان، بەسیج و سوپا، مەکتەبی ئیمام جومعەکان و پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێم، لەلایەکەوە قووڵیی نەفرەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش بەرامبەر ڕژێمی ئیسلامی سەرمایەداران عەکس دەکاتەوە، وە لە لایەکی دیکەوە بەرجەستەبوونی ئیرادەی عەزیمی خەڵکییە کە بڕیاریانداوە جمهوری ئیسلامی تێپەڕێنن.

 

حزبی حکمەتیست لە هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا و لەوانەش لە بەڵگەنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی هەشتەمی حزب نزیک بە دوو مانگ پێش ئێستا لە مانگی نۆڤەمبەر ٢٠١٧دا لە پەیوەند بە ئەوزاعی سیاسی ئێرانەوە، بە پێشوازی ئەم ئەوزاعەوە ڕۆیشت و تەئکیدی کردبۆوە؛ "کۆنگرەی هەشتەمی حزبی حکمەتیست ڕادەگەیەنێ کە دەورەی داهاتوو، دەورەی هێزنواندنی فراوانتری بزووتنەوە ڕیشەدارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایە، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی دژی بێکاری، بزووتنەوەی ئازادی ژنان، بزووتنەوەی دژی ئیسلام و خورافە دەبێ. توندبوونەوەی قەیرانی حکومەتی ئیسلامی و توندبوونەوەی هەژاری و برسێتی و بێکاری و ئیختناق و بێ ئاییندەیی دەیان ملیۆن کەس، ئاسۆی یه کلاکردنه وه ی چارەنووس لەگەڵ جمهوری ئیسلامی دەکاتە پێشەنگی سیاسەتی ئێران". ئەم پێشبینییە ڕووی داوە و حزبی حکمەتیست لەگەڵ باوەڕبەخۆ بوون و ئیشتیاقی بۆ پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە هەق تەڵەبانەیە تێدەکۆشێ.

خاڵی بەهێزی ئەم بزووتنەوە سەرنگوونی خوازە سەراسەری بوون و دژە ئیسلامی بوونی ئەوە لەگەڵ ئامادەگیی بەلاداخەر و کاریگەری کرێکاران، ژنان و لاوان و جەماوەری ملیۆنی خەڵکی ژێر ستەم و هەق خواز. ئەم بزووتنەوەی بەڕێکەوتووە لە قووڵایی کۆمەڵگاوە بە پێچەوانەی سەرەگێژەی ڕیفۆرمخوازان و مایەپووچ بووە سیاسییەکانەوە، کە لە هەوڵدان ئەم ناڕەزاییانە ببەستنەوە بە باندە ڕەقیبەکانەوە، خۆشباوەڕییەکی بە حکومەتی ئیسلامی و باڵەکانی نییە و لەپێناو گسکدانی ئیسلام و حکومەتی ئیسلامی هاتۆتە مەیدان. ئەمە بزووتنەوەیەکە بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی کە حکومەتی هەژاری و گرانی و ئیختناقی ئیسلامی هێناوەتە ژێر پرسیار. ئەم ناڕەزاییانە لە کاتێکدا کە شکڵ و شێوەی سەرەتایی ڕێکخراو بوونی هەیە و لە ڕێڕەوی خۆیدا دروستی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستی بە یەک ڕابەرایەتی و یەک ئاسۆی سەرانسەری هەیە بۆ سەرکەوتن و هێنانەخواری ڕژێمی ئیسلامی. مەحدودییەتەکانی ئەم بزووتنەوەیە نەبوونی ئۆرگانەکانی ڕابەری و ڕێکخەرە لە ئاستی سەرتاسەریدا کە لە هەر قۆناغێکا یەکێتی و پێشڕەوی بزووتنەوەی ناڕەزایی دابین بکا. حزبی حکمەتیست و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی کۆمۆنیست ئەرکیانە ئەم بۆشاییە بە خێرایی پڕبکەنەوە.

مەرجی سەرکەوتن ئەمەیە کە یەکەم، ئەم بزووتنەوەیە لە هەر قۆناغێکی خەباتی خۆیدا بە هیچ شتێکی جمهوری ئیسلامی ڕازی نەبێ و هەر سازشێک لە ڕێڕەوی خۆیدا شکست بدات. جمهوری ئیسلامی، بەبێ ئەم لاو ئەو لا، دەبێ بڕوات. دووهەم، بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سیاستی  کۆنەپەرستانی جیهانی و ناوچەییەکان و بۆ وەستانەوە بەدژی سیاسەتی ناسیونالیستی و قەوم پەرستانە کە ڕیزەکانی خەڵکی بەرامبەر سەرتاپای حکومەت پەرتەوازە و لەناو دەبا، دەبێ ڕاوەستن. سێهەم، ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆ و شۆڕشگێڕانە بەرپاکەن لە پێناو ڕێکخستن و ڕاکێشانی جەماوەرێکی فراوانتری خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ناو ڕیزەکانی خەبات بە دژی ڕژێمی ئیسلامی، وەکو ئامڕازی ڕێکخەری ناڕەزاییەکان لە گەڕەکەکان و لە شوێنەکانی کار، وەکو ئۆرگانەکانی ڕاپەڕین. دەبێ لە هەموو جێگایەک شووراکان دروست بکرێن. خەتی سیاسی تاکتیکی ئێمە و ئەم بزووتنەوەیە با ئەمە بێت، کە بە هەر دەرەجەیەک ڕژێم بە فشاری ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکانی شارەکان کۆنتڕۆڵی بەسەر کۆمەڵگاوە لەدەست ئەدا، لەلایەن ئۆرگانەکانی کاری ڕاستەوخۆی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشەوە، لەلایەن شوراکانی کرێکاران و خەڵکەوە پڕبکرێتەوە. چوارهەم، ئەم بزووتنەوەیە پێویستی بە دابین کردنی ئامادەگیی دیفاع لە خۆی کردنی هەیە بەرامبەر شەپۆلی سەرکوت و وەحشیگەری ڕژێم. دەبێ هەر پەلامارێکی ڕژێم بۆ سەر ڕیزەکانی ناڕەزایی تێکبشکێنرێ.

وەکو کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر دەبێ بەبێ ڕاوەستان و لە هەموو جێیەک تەشکیلات و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی لە گەڕەک و شوێنی کار و ژیان بەفراوان کەینه وه. پێشڕەوانی کۆمۆنیست و هەڵسوراوانی کرێکاری دەبێ ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و حزبی لە بۆتەی ئەم ئاڵ و گۆرانەدا لە ئێران بێننە ئاراوە و دایانمەزرێنن و وەکو ئامڕازە ئەساسییەکانی ڕێکخستنی جەماوەری و وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتییەکان بەدەستیانەوە بگرن. ئێمە بە ئاراستەیەکا دەڕۆین کە ڕێکخراوە شاری و ناوچەییەکانی حزب لە ئێران جێگیر بکەین، وە دەبێ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم کارە لەنێو ئەم پرۆسەی خەبات و لەناوبردنەی حاکمییەتی ئیسلامیدا فەراهەم بکەین. حزب بانگەوازی ئەندامان، کادران، پێشڕەوانی کرێکاری و شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست دەکا کە ووشیارانە لەم پرۆسەیەدا دەخالەت بکەن و وەکو لایەنەکانی ڕابەرایەتیی ڕادیکاڵی ئەم بزووتنەوەیە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

مەسەلەی ژنان مەسەلەیەکی جددی و میحوەرییە لە کۆمەڵگادا. ئازادی کۆمەڵگای ئێران بەبێ ئازادی ژنان نامومکنە. هیچ ئاڵ و گۆڕێکی ئیجابی لە ئێران ناتوانێ بەبێ ڕۆڵی موهمی بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانی ژنان و پیاوان بە ئەنجام بگا. بزووتنەوەی ئازادی ژنان ڕوکنێکی خەباتی سۆشیالیستییە بۆ یەکسانی و لەناوبردنی هەڵاواردن، بزووتنەوەیەکە بە دژی حجاب و هەڵاواردنی جنسی و دوژمنایەتی لەئاشتی نەهاتوو لەگەڵ سەرتاپای حاکمییەتی ئیسلامیدا. ئێمە بانگەوازی ژنانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و یەکسانی خواز دەکەین ڕۆڵی فراوانتر بگێڕن لەم بزووتنەوەیەدا، لە دژی یاسا ئیسلامییەکان و یاسای هەڵاواردن و نایەکسانی، وە بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجاریی چارەنووسی خۆ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی و ئیسلام لە ئێراندا. سەرکەوتن بەسەر حکومەتی دژە ژندا لە ئێران، لە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەبات بۆ ئازادی دەخاتە ژێر کاریگەری جددییەوە.

لە هەنگاوە دەستبەجێکان ئەمەیە کە لە داخل و خارج هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی فەوری و بێ مەرج و بەندی دەسگیرکراوانی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییە و ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی شارستانی بۆ خەباتی ئازادیخوازانە و سەرنگونی خوازانەی خەڵکی ئێران دەسبەجێ لە هەموو جێگایەک بخرێتە دەستووری کارەوە. هەروەها دەبێ دروشمی ئازادی زیندانیانی سیاسی لە هەموو گردبوونەوەکاندا ببێتە سەرەکی و لەپێناو ئازاد بوونی زیندانیانی سیاسی و شکاندنی دەرگای زیندانەکاندا هەوڵی سەراسەری دەست پێ بکرێ. هەر لە سبەینێوە لە بەردەم زیندانەکاندا کۆبوونەوە ڕیکبخەن و خوازیاری ئازادی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسیی ببن!

حزبی حکمەتیست، کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بانگەواز دەکا خەباتی سەرتاسەری لە دژی گرانی و هەژاری و بۆ سەرنگوم کردنی جمهوری ئیسلامی و جێ بە جێ کردنی ئاییندەیەکی خۆشبەخت و ئازاد و سۆشیالیستی بەرفراوانتر بکەنەوە!

مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامی!

بژی ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی!

بژی جمهوری سۆشیالیستی!

١١ دیماه ١٣٩٦ – ١ جێنوەری ٢٠١٨

http://www.hekmatist.org/index.php

Last Updated on Monday, 08 January 2018 16:35
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان ڕاگەیەنراوی حزبی حکمەتیست دەربارەی خۆپیشانە مەزنەکانی ئێران