ڕه‌وه‌ند

بەبۆنەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێرانەوە Print
Friday, 05 January 2018 07:29

حەمە غەفور

وەکو کۆمۆنیستێک خۆشحاڵی و هاودەردی و هاوپەیمانی ڕاشکاوی خۆم بۆ خەڵکی ئێران و ڕاپەڕینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوانی ئێران ڕادەگەیەنم بە دژی سەرتاپای ڕژێمی ئیسلامی ئێران. ئومێدەوار و چاوەڕووانم ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران زیاتر پەرەبسێنێ و ڕیزەکانی خۆی یەکگرتوو و ڕێکخراوتر بکا تا سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکا. هیواخوازم ڕابەرانی کرێکاری و جەماوەری و کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە بۆتەی ڕاپەڕیندا هەرچی زیاتر و چالاکتر ببنەوە و هەموو هەوڵەکانیان یەکخەن بۆ سەرخستنی ڕاپەین و ڕاماڵینی تەخت و تاراجی ئەم ڕژێمە فاشییە ئیسلامییە. چونکە ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئێران بە شۆڕشی خەڵکی ئێران، هەرەسێک دەبێ لە نەوعی هەرەسی نازییەکانی ئەڵمانیا و کۆمەڵگای مەزنی ئێران و ناوچەکە و جیهانیش لە تاریکستانی ڕژێمی ئیسلامی تاوان و تیرۆر و ئیعدام و سەنگسار و گرانی و هەژاری بۆ هەمیشە ڕزگاری دەبێ.

 

حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی لە ٢٧ ساڵی دەسەڵاتی خۆیاندا هاوپەیمانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوون، کە ئێستا کەوتۆتە بەردەم نەفرەتی گشتی و ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی بەتەنگهاتووی ئێرانەوە. هاوپەیمانی ئەم حزبانە لەگەڵ ڕژێمی فاشیستی ئیسلامی زەمینەی ڕەخساند دەزگا جاسوسی و تیرۆریستییەکانی جمهوری ئیسلامی لە کوردستان جێگا خۆشکەن و بەشێک لە نەهامەتییەکانی باڵبکێشێ بەسەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردانیشدا. جگە لەوەش چەندین کەس لە هەڵسوراوانی سیاسی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بە دەستی بەکرێ گیراوانی ڕژێمی ئیسلامی تیرۆر کراون و سەرئەنجام کوردستان بووە بەشێک لە قەڵەمڕەوی سیاسی ئەو ڕژێمە دژی خەڵکییە بۆ جێ بە جێ کردنی ئەجێندا تیرۆریستییەکانی. لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆمیش ڕژێمی ئیسلامی بە چاوساغی باڵێکی یەکێتی نیشتمانی و بە هاوکاری حکومەتی عەبادی و سوپای قودس و حەشدی شەعبی کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەری خولقاند و کەرکوک و خورماتوو و شەنگاڵ و خانەقینیان داگیرکرد و دەیان هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و ژمارەیەکی زۆریش بوونە قوربانی. کاریگەری کۆنەپەرستی ئیسلامی و کار و کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم ڕژێمە هارە بەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانیشەوە بە ڕوونی دیارە. قونسوڵگەریی و بنکە و بارەگاکانی قەرارگای ڕەمەزان و چەندین لانەی جاسوسی دیکەی ئەم ڕژێمە لە کوردستان سەرچاوەی زۆرێک لە نەهامەتییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بووە و تەنانەت گەمارۆی ئابووریشی خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان.

ئێستا کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران گڵۆڵەی عومری کەوتۆتە لێژی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی ڕاپەڕیو تەنگیان پێ هەڵچنیوە و سەعات بە سەعات هەواڵی پەرەسەندنی ڕاپەڕین و سەرکەوتنی هێرش و پەلاماری خەڵکی شارەکان بۆ سەر پێگە و جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتەکەی دەگاتە هەموو جێیەک، جێی خۆیەتی خەڵکی کوردستان و جەماوەری ناڕازی و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان هاوپشتی و هاودەردی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ڕاگەیەنن. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و میتینگی پشتیوانی سازبکەن، داوای پێچانەوەی بارەگای دەزگا جاسوسییەکانی ڕژێمی ئیسلامی بکەن و تاو و توێی دەرکردنی کونسوڵگەری و دەزگاکانی دیکەی ڕژێمی ئێران بکەن لە تەواوی کوردستاندا.

ماوەی پێنج ڕۆژە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و پیاوان و لاوانی ئازادیخوازی ئێران، بە ڕیزی دەیان هەزار کەسییەوە، لە شەست شاری ئێراندا لە دژی گرانی و هەژاری و ناهەمواری باری ئابووری، بە دژی ئیستیبداد و کۆنەپەرستی ئیسلامی هاتوونەتە مەیدان. ئەمە ڕاپەڕینی سەرتاسەری چەوساوەکانی کۆمەڵگای ئێرانە لەپێناو نان و ئازادیدا کە چیتر ناتوانن هەل و مەرجی نالەباری ئێستا تەحەمول بکەن. ئەمە بەرجەستەبوونی ئەو ڕاستییە بنەڕەتییەیە کە کۆمەڵگای ئێران حکومەتی ئیسلامیی ناوێ، وە ڕژێمی ئیسلامی پەڵەیەکی نەنگ و نەگونجاوە لەگەڵ قیافەی شارستانی ئەو کۆمەڵگایەدا.

ئەم بزووتنەوە مەزنە جەماوەرییە بەهیچ جۆرێک لەژێر کاریگەری کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی حکومەتی ئێراندا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەرتاپێی حکومەت و باڵەکانی و  تەواوی پێگەکانی دەسەڵاتدارێتی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی کردۆتە ئامانجی خۆی. هێرشی خەڵکی ڕاپەڕیو بۆ سەر فەرماندەییە سەربازییەکانی بەسیج و سوپا، مەکتەبی ئیمام جومعەکان و پایەکانی دەسەڵاتی ڕژێم، لەلایەکەوە قووڵیی نەفرەت و تووڕەیی خەڵکی کرێکار و زەحکمەتکێشی ئەو ووڵاتە نیشانئەدا بەرامبەر ڕژێمی ئیسلامیی سەرمایە و لەلایەکی دیکەشەوە هاتنەمەیدان و بەرجەستەبوونی ئیرادەی مەزنی خەڵکییە کە بڕیاری داوە جمهوری ئیسلامی بڕوخێنێ و حکومەتێکی جێ نیازی خۆی دامەزرێنێ.

سەرکەوتوو بێ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی جمهوری ئیسلامی

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

١ کانوونی دووهەم ٢٠١٨

Last Updated on Friday, 05 January 2018 07:32
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان بەبۆنەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێرانەوە