ڕه‌وه‌ند

یاداشتەکانم دەربارەی کۆنگرەی ٨ی حزبی حکمەتیست، وێستگە سەرەکییەکانی کۆنگرەی ئۆکتۆبەر Print
Tuesday, 05 December 2017 00:23

حەمە غەفور

ووتەیەکی پێویست

سەرەتا و پێش هەر شتێک وەکو کۆمۆنیستێکی کرێکاری کوردستان لێرەدا ڕایدەگەیەنم، ئێجگار شادمان و خۆشبەختم کاتێک شەرەفی بەشداربوون لە کۆنگرەی هەشتەمی حزبی حکمەتیست (کۆنگرەی ئۆکتۆبەر)م پێبڕا و لە بۆنەیەکی بێ وێنەی دژە باودا خۆم لەناو جەمعی ئەو کۆمەڵە کادرە دەستەبژێرە کۆمۆنیستە کرێکاریانەدا بینییەوە کە کۆنگرەی حزبی حکمەتیست لە ئوتێلێکی شاری ستۆکهۆڵمی قەشەنگ کۆیکردبونەوە. کۆنگرە لە ڕۆژەکانی شەممە و یەک شەممە، ٤ و ٥ نۆڤەمبەر مانگی ڕابردوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەدهەمین ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا، گرێدرا. دوو شەو و دوو ڕۆژی پڕ لە باس و نیقاشی سیاسی، گۆڕینەوەی ئەزموون و زانیاری سەبارەت به کۆمۆنیزم و ئاستەنگەکانی بەردەمی، لێوان لێو لە حەماسە و گیانی ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانەی ڕیزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری ئێران لە حزبێکی نەوعی لینینی و بەلشەفیانەدا، یەکدەنگ و ڕادیکاڵ بە ئامانجی گۆڕینی جیهانی زاڵمانە و سەرەوخواری سەرمایەداری، لە کەنار و لە ناو کۆڕی گەرمی سیاسی و پڕ محیببەتی ئەژمارێک ئینسانی کۆمۆنیستی پڕئەزموون و ماندوویی نەناس و عاشقی ژیان، شاد و سەرحاڵ، خۆش ڕەفتار و بە ویقار، بەڵام لە باری سیاسییەوە ڕۆشن و تیژ لە ڕەخنەیان بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری، خاوەن ئینێرژی و دڵسۆز بۆ حزب و بزوتنەوەی کرێکاری و پێداگر و تێکۆشەر لە پێناو دنیایەکی باشترمان بردەسەر. ئایا ئینسان جگە لە هەستی شانازی کردن و خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لە فەزایەکی سیاسی و هاوڕێیانەی لەم چەشنەدا، کە سەر لە بەری کۆشش و ئیرادە نواندن بوو بۆ دروستکردنی ئیتیحاد و حەماسەی شۆڕشگێڕانە لە پێناو ئاییندەیەکی باشتر بۆ ئینسان، نەک پیاهەڵدان بە توڕەهاتی نەتەوە و قەوم و حزب و نیشتمان و شتی لەم چەشنە، چی دیکەی پێ دەبڕێ!

لە دیدی منەوە کۆنگرە ڕووداو یان خۆپیشاندانێکی سیاسیی تایبەتمەند و ڕیزبەستنێکی پێویست و تۆکمەی حزبی حکمەتیست بوو لە ڕاستای ناسینی ڕەوشی سیاسی و خەباتی چینایەتی، تەشخیسی کات و دەرفەتی مێژوویی، ئامادەسازی بۆ سەرخستنی شۆڕشی کرێکاری داهاتووی ئێران، گەورە و گرنگ لە ڕوانگەی ئەو ئەرکانەی کە بەردەوام پابەندبوونی خۆی پێوەیان ڕاگەیاندووە، پڕکار و بەرهەم ئەگەر سەیرێکی ووتارەکان و بەیانییە و بڕیارنامەکان و مداخەلە و دیالۆگی ئەندامانی کۆنگرە و بەشداری میوانەکانی بکەین، کۆمۆنیستی لە پێڕەوکردنی نەریتە مارکسیستی و لینینییەکان، وە چارەنوسساز لە گۆشە نیگای تەشخیسی پراتیکی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار و کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو لە وەزعی ئێستای خەباتی چینی کرێکاری ئێراندا. ئەم ئینتباع و تێگەییشتنە عامە هانیدام یاداشتەکانم بە شێوەی دیاریکراو لە بارەی بڕگەکانی ئەم ڕووداوە گرنگ و نەخشەمەندەوە بنووسم وەکو چاودێرێکی خارجی. وە هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆم ئازادانە دەربارەی کۆنگرەکە گەڵاڵە بکەم و بیخەمە بەردەستی هاوڕێیانی کۆمۆنیست و سۆشیالیست و چەپ و ئازادیخواز، بۆ بەردەم ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی کوردستان. هیوادارم یاداشتەکانم هاندەر بێ بۆ گشت هاوڕێیان، بە ووردی بچن بە شوێن کار و کارنامەی کۆنگرەی ئۆکتۆبەردا و ئەزموونەکانی بەدەستەوە بگرن. ئەدەبیات و بەیانییە و بڕیارنامەکانی بخوێننەوە و بیر و ڕا و ڕەخنە و سەرنجی خۆیانی لەبارەوە دەربڕن.

کۆنگرەی ئۆکتۆبەر بۆچی؟

یەک؛ هەرچەند وەکو ڕەواڵی سیاسی و ڕۆتینی کارنامە و مەوازینی ڕێکخراوەیی خۆی، حزبی حکمەتیست هەموو دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی ئاسایی دەبەستێ. ئەمەش کە کۆنگرەی هەشتی حکمەتیست بوو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەسرا. بەڵام وەکو لە سیاسەت و ستڕاتیژی کۆنگرەشدا هاتووە، لەلایەک بەهۆی ئەوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی چ لە ئاستی ئینتەرناسیونالیستی، چ لە ئاستی هەر کۆمەڵگایەک بە پێی تایبەتمەندی و تەحەداکانی بەردەمی دەجوڵێتەوە. وە سەرمایەداری جیهانی لەمڕۆدا جگە لە قەیران و جەنگ و ئاوارەیی و سەپاندنی هەژاری زیاتر و زیاتر بەسەر چینی کرێکاردا، هیچ بەرنامەیەکی چارەسەر یا پێشڕەوی لەبەردەمدا نییە. هەم خۆی وەکو سیستەمێک دەرگیری بوحرانی سیاسی و ئابوری قووڵە، هەم مرۆڤایەتیشی لەبەردەم مەترسی جەنگە هەرێمی و کیشوەرییەکاندا ڕاگرتوە! بەمپێیە لە ئاستی کۆمەڵگای ئێرانیشدا بە دیاریکراوی، کە لە سیاسەت و ستڕاتیژی ڕابەرایەتی حزبی حکمەتیست و کۆنگرەشدا بە یەکێک لە لاوازترین ئەڵقەکانی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیهان تەسویر کراوە و هەم کۆمۆنیزمی کرێکاری تیایدا موعتەبەرە و حزبی سیاسی خۆی هەیە، هەم بزوتنەوەی کرێکاری ئێران هێزێکی مەترەح و ئامادە و لە حاڵی پێشڕەویدایە لە دژی جمهوری ئیسلامی وەکو هارترین دەوڵەتی سەرمایە، وە ڕژێمی جمهوری ئیسلامی دیاردەیەکی پڕ ناکۆکی و دەرگیری ئەزمە و بێ ئاییندەیە. تایبەتمەندییەک مۆری خۆی دابوو لەم کۆنگرەیە بریتی بوو لەمەی هەل و مەرجی ئێستای کۆمەڵگای ئێران لە ڕووی ململانێی چینایەتی و تەحەداکانی بەردەمییەوە، وەکو سەردەمی شۆڕشی ساڵی ٩١٧ی ڕوسیا وایە. بۆیە ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دیکە لە ئێران ئێجگار زۆر و واقعین، کە بە حوکمی ئەو فاکتەرانەی باسمکردن ڕەنگە مەزنتر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاش دووبارەبێتەوە.

لە بڕگەیەکی ووتاری هاوڕێ فاتح شێخ کە بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە پێشکەشی کۆنگرەی کرد هاتووە: "ئەمە پڕ کاریگەریترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەرزڕاگرتنی بۆ هەر کۆمۆنیستێک شانازیهێنە. بۆ حزبی حکمەتیست ئەم بەرزڕاگرتنە تەنیا سیرەمۆنییەکی نوستاڵژیک نییە ... حزبی حکمەتیست ئەم بەرزڕاگرتنە مێژووییەی کردۆتە سەرلەوحەی کۆنگرەی خۆی، بەڵام سەرباری ئەوە جەخت لە دوو ئامانجی دیاریکراوی ئەمڕۆژیش دەکاتەوە:

یەکەم ئەمەی کە جیهانی ئەمڕۆ، جیهانی ژێر حاکمییەتی پڕناکۆکی کاپیتاڵێزمی گڵۆباڵی ساڵی ٢٠١٧ سەدان کەڕەت زیاتر لە ساڵی ١٩١٧ پێویستی بە کۆمۆنیزم هەیە. بە دیاری کراوی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیی سەرمایەدا، ئەم ڕژێمە بەسەرچوو و پڕناکۆکییەی سەرمایە، ئێمە سەرکەوتنی کۆمۆنیزم نە تەنیا بە پێویست دەزانین، نە تەنیا ئارەزووی چینی کرێکار و زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی قووڵایی کۆمەڵگای ئێران دەزانین، بەڵکو سەرکەوتنی کۆمۆنیزمیش لە ئێران بە مومکن دەزانین، لەپێناو بەسەرئەنجام گەیاندنیدا تێدەکۆشین و بەم ئاراستەیەدایە کە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە پێویست دەزانین.

دووهەم ئەمەی کە سەرەڕای ئەزموونی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، پێویستە ئەزموونی شکستی دواتریشی هەم لە دیدگای ڕەخنەی سۆشیالیستیمانەوە هەڵسەنگێنین، وانەکانی ئەوە فێربین و هەوڵدەین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بکەین"

دوو؛ ساتی بەستنی کۆنگرە هاوکات بوو لەگەڵ سەدهەمین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، بۆیە ئامانجدارانە کۆنگرەی هەشتی حکمەتیست ناوی کۆنگرەی ئۆکتۆبەری لێ نراوە. وە بە شێوەیەکی هەمەلایەن کار و کارنامەی کۆنگرەکە و سیاسەت و خەتی ڕەسمیی حزبی حکمەتیست بە توندی لە ژێر کاریگەری ئەو شۆڕشە کرێکارییە بێوێنەیەدا خۆی بینییەوە. لە ووتار و نیقاش و جیاوازییەکانەوە بیگرە تا بگا بە بڕیار و بڕیارنامەکان تا ستڕاتیژی حزب و تاکتیکەکانی و تەنانەت کۆنگرەی ئۆکتۆبەر خۆشی جەختی هەرە سەرەکیی لەسەر دووبارە بەرپاکردنەوەی ئۆکتۆبەرێکی دیکە لە ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە، پاڵپشت بە نیاز و پێویستییەکی حەیاتی کە بار و دۆخی ئێستای خەباتی چینایەتی لە حزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاری دەخوازێ. کۆنگرە پابەندبوونی بێدرێغی خۆی بە ڕێکار و نەریتە لینینی و بەلشەفی و مارکسییەکانی ڕێکخستنی شۆڕشی بەردەوامەوە ڕاگەیاند تا دامەزراندنی سۆشیالیزم لە چەشنی ئەزموونی شۆڕشی ڕوسیا. شۆڕشێک کە حزبی بەلشەفی و شەخسی لینین ڕابەریان کرد و ڕۆڵی هەرە سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان تێیدا گێڕا و بە سەرکەوتنیان گەیاند.

لە دەسپێکی ووتاری ئیفتتاحییەدا کە ڕەحمان حسەین زادە پێشکەشی کۆنگرەی کرد لەژێر تایتڵی: "پابەندین بە سەرخستنی شۆڕشێکی کرێکاری چەشنی ئۆکتۆبەر لە ئێران"! هێنانەوەی ئەم بەشەی قسەکانی بە پێویست دەزانم: "ئێمە ئەم خۆشبەختییەمان قۆستەوە و کۆنگرەی هەشتمان ناولێنا کۆنگرەی ئۆکتۆبەر و چەند هەنگاوی تایبەتیشمان خستە دەستوورەوە بۆ ڕێزگرتن لە سەدهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ئۆکتۆبەر. ئەم ناولێنان و هەنگاوە تایبەتیانە بۆ ڕێزگرتن لە شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر، بۆ ئێمە تەنیا هەنگاوی سیمبۆلیک و ڕاگەیاندنی ئینتیما و سێمپاتی نییە بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر، واوەتر لەوە ڕاگەیاندنی پابەندبوون و ڕاگەیاندنی ئەرکەکانمانە. بینینی قورسایی ئەو ئەرکانەیە کە ڕوودانی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر خستویەتییە بەردەم کۆمۆنیستە کرێکارییەکان و حزبی حکمەتیست. ئێمە خۆمان پابەند بە دوبارەکردنەوەی شۆڕشێکی کرێکاری دیکە لە نەوعی ئۆکتۆبەر دەزانین لە زۆنی ڕاستەوخۆی هەڵسورانماندا کە کۆمەڵگای ئێرانە. ئەمە فەلسەفەی بوونی کۆمۆنیزمی ئێمەیە، ئامانج و ستڕاتیژی ناسنامەیی ئێمەیە. بە درێژایی چوار دەیەی دوایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستڕاتیژییە تێکۆشاوین. هەوڵی دووڕۆژەی ئێمە لەم کۆنگرەیەدا تەرکیزی لەسەر بەرجەستەکردن و هەموارکردنی ڕێگای جێبەجێکردنی شۆڕشێکی کرێکاری دیکەیە لە ئێراندا. ئەمە یەکەمین پەیامی کۆنگرەی هەشت، پەیامی کۆنگرەی ئۆکتۆبەرە."

هەروەها دەسپێکی کۆنگرەکە بەرنامەیەکی سپێشیاڵ تایبەت کرابوو بە ڕێزگرتن لە سەدهەمین ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کە بە نیشاندانی فیلمی ووتارە هەرە گرنگەکەی لینین دەستیپێکرد کە ڕۆژی ٧ی نۆڤەمبەری ١٩١٧ لە شاری پترۆزبورگ پێشکەشی کرد، کە تیایدا سەرکەوتنی سۆشیالێزمی ڕاگەیاند و هەموو دەسەڵاتەکانی خستە ژێر ڕکێفی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازانی شۆڕشگێڕی ڕوسیاوە.

سێ؛ ئەگەر گونجاو بێ لە یەک قسەدا؛ کۆنگرە ئیرادەیەکی جەماعی نەخشەمەندی ئەم بەشە لە بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێران کردییە شتێکی واقعی و کردەنی، کە بە نوێنەرایەتی سەرتاپای ڕێکخستنەکانی حزب لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا لەژێر سەقفی ئەو هۆڵەدا کۆبووبوونەوە. کۆنگرە جێگای بەستنی پەیماننامەیەکی حزبی و سیاسی و کۆمۆنیستی پایەدار بوو بۆ وەڵامدانەوە بە نیازێکی حەیاتیی بزووتنەوەکەمان لە ناوخۆی ئێران. واتە یەکخستنی ڕیزەکانی هەموو بەشەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دەوری بەدیلێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری. ئەو هەناسە و ئارەزووی ئینسیجامە بەلشەویانەی لە کۆنگرەدا نماییش کرا جێگای ئومێدێکی گەورەیە. کۆنگرە هەروەها شوێنێێک بوو بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لە نێوان کۆمەڵێک ئینسانی پێداگر و باوەڕدار بە ئیمکانییەتی گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی جیهان و دامەزراندنی سۆشیالیزم، دەوڵەمەند بە ئیرادەی کۆمۆنیستی کرێکاری، خاراو بە تیوری مارکسیزم و لینینیزم و پابەند بە نەریتی خەباتی سۆشیالیستی کرێکارانەوە، تا لە چوارچێوەی حزبی حکمەتیستدا ئیتیحاد و ئینسیجامێکی چەشنی حزبی لینینی و پێویستیی وەڵامدانەوەی نیازی سەردەم بە قەیران و ناکۆکییە بەردەوامەکانی کاپیتاڵیزم بهێننە ئاراوە.

بەشێکی تری هەمان ووتاری فاتح شێخ ئاوا دەڵێ: "ئێمە کۆمەڵێک کۆمۆنیستی ئینتەرناسیونالیستین. ستڕاتیژی ئێمە جیهانییە بەڵام ستڕاتیژی جیهانی دەخوازێ کە دیاری بکەین دەبێ لە کوێوە دەستپێبکەین؟ بەگوێرەی بەڵگەی ڕوون، بە تایبەتی لە پەیوەند بە کۆنگرەی ئێمەوە، دەتوانین بڵێین دەبێ لە ڕوخاندنی جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە دەسپێبکرێ. لە ئێران، کۆمۆنیزم ئامادەیی هەیە، نفوزی هەیە، ئیعتباری هەیە، ئیحترامی هەیە، حزبی هەیە. لە ئێران بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەرین لە ئارادایە. خەباتی جۆرا و جۆری کرێکاری بەربڵاو بەڕێکەوتووە. هەڵسووڕاوانی ئەم بزووتنەوە کرێکارییە بەشێکیان ئەمڕۆ لە زینداندان، بەشێکیان لە ڕیزەکانی کرێکارانی مانگرتوو، لە کارخانەکانی چەشنی هپکۆ و پترۆشیمییەکان سەرقاڵی فەعالییەتن و بەشێکیش لەم کۆنگرەیەدا ئامادەن. ئەمە هێزی پێشڕەوی شۆڕشێکی کرێکارییە لە ئاییندەی ئاڵوگۆڕەکانی ئێراندا. وە ئەمانە مەرج و پێداویستییەکن کە ئێمە بۆ ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی بە ئاراستەی شۆڕشی سۆشیالیستیدا لەبەر چاومان گرتوون."

ئاماژە بە چەند وێستگەی گرنگ

کۆنگرەی ئۆکتۆبەر بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کارنامە و بڕیار و بڕیارنامەکانی بە تێکڕای دەنگی کۆنگرە یاخود بە زۆرینەی دەنگەکان یەک لە دوای یەک پەسەند دەکرد. کۆنگرە تەسمیم و ئینسیجام و ئیتیحادێکی حزبی و کۆمۆنیستیی وای لەخۆی نیشاندا، بە شانازییەوە دەتوانێ بە چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمەڵگای ئێران ڕاگەیەنێ، کە شاییستەیی و توانایی و هەروەها عەزم و ئارەزووی دابینکردنی پێویستییەکانی هێنانەئارای ڕابەرایەتییەکی کۆمۆنیستی کرێکاری مونسەجم و یەکگرتووی گەرەنتی کردووە و لە بۆتەی ئەم کۆنگرەکەیەدا حزبی حکمەتیست بە تەوژم و ئیرادەیەکی نوێوە دێتەپێشەوە و ئامادەیی ڕابەرایەتی کردنی شۆڕشی داهاتوی ئێرانی هەیە.

بڕگەیەکی تر لە ووتارەکەی فاتح شێخ هێمایە بۆ تەسمیمی حزبی حکمەتیست: "من لە دوبارەکردنەوەی "ڕۆڵی لینین" چ ئەنجامگیرییەک دەکەم؟ ئەنجامگیری دەکەم کە گرنگترین وانەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، بوونی یەک حزبی کۆمۆنیستی و یەک حزبییەتی کۆمۆنیستییە کە ڕابەرایەتییەکەی لە دەستی لینین‌دا بوو. تەحەزوبی کۆمۆنیستی، حزبییەتی کۆمۆنیستی و ڕابەریی کۆمۆنیستی. لینین سیمبۆلی ئەمانە بوو."

هەر لەوێدا هاوڕێ فاتح بەم جۆرە باسی ڕۆڵی حزبییەت و ڕابەرایەتی کۆمۆنیستی دەکا بۆ سەرخستنی شۆڕشی داهاتووی ئێران: "مهمترین وانەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوونی تەحەزوبی کۆمۆنیستی، حزبییەتی کۆمۆنیستی و ڕابەری کۆمۆنیستییە. لە هەمان ئەو ساڵانەدا لە ئەڵمانیاش شۆڕشێک سەری هەڵدا کە دەیتوانی بە سەرکەوتن بگا، وە دەکرێ بووترێ بەهۆکاری نەبوونی حزبێکی کۆمۆنیستی شکستی خوارد. ئەمە بە بڕوای من لە سەردەمی ئێمەدا سەد بەرانبەر پێویستە. دنیای ئەمڕۆ بە توندی پێویستی بە کۆمۆنیزم هەیە، وە کۆمۆنیزم ئەمڕۆ بە توندی پێویستی بە ڕێکخستن و سەروسامان دان بە ڕیزەکانی خۆی هەیە لە ناو ئۆردوی بێ ئەژماری کاردا. ئەم دوو هاوکێشەیە لە تەنیشت یەکتر دانێن: نیاز و پێویستی جیهان بە کۆمۆنیزم وە نیاز و پێویستی کۆمۆنیزم بە سەروساماندان بە ڕیزەکانی خۆی. ئەمە کلیلی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاریی داهاتووە.".

بەڵێ، ئەم هاوڕێیانە نەک هەر بڕیاریانداوە حزبێکی جێگا متمانە و جێ ئومێدی چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەتی کۆمەڵگای ئێران لە مەیدان ڕاگرن، بەڵکو عەزمیان جەزم کردووە کە جیاوازییەکان بکەنە هەوێنی یەکێتی و ئینسیجامی زیاتری نێوانیان، وە بە شێوەی عەمەلی ڕیزەکانی حزب و حزبییەتی کۆمۆنیستی پێ تۆکمەتر و مەحکەمتر و ئامادەتر بکەن. ڕابەرایەتییەک کە پۆتانسێلی درێژەدان و بەسەرەنجام گەیاندنی شۆڕشی داهاتوی ئێرانی لەدەستدایە و بەڵێنی بۆ ڕیزەکانی خۆی و چینی کرێکاری ئێرانیش نوێ کردۆتەوە، ببێتە لۆکۆمۆتیڤی شۆڕشی داهاتوی ئێران، وە بیگۆڕێ بۆ ئۆکتۆبەرێکی مەزنتر لە شۆڕشی ٩١٧ی ڕوسیا. شۆڕشێکی کرێکاری کە هەنگاوی یەکەمی لەگۆڕنانی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران دەبێ وەکو گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگای هەڵوەشانەوەی شۆڕشگێڕانەی خاوەندارێتی تایبەتی و دامەزراندنی سۆشیالیزم لە ئێراندا.

حسەین مرادبیگی (حەمە سور) سەرۆکی کۆمیتە ناوەندی حزبی حکمەتیست، کە بە بۆنەی پرۆسەی چارەسەری نەخۆشییەوە بە داخەوە نەیتوانی بەشداری کۆنگرە بێت، لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنگرە، بەم جۆرە جەخت لەسەر ئەهمییەتی ڕابەرایەتی حزبی دەکا و دەنووسێ: "مەسەلەی سەرەکیی ئێمە ڕاکێشانی قودرەتمەندی چینی کرێکار و هێزی ئازادیخوازیی ئێرانە بۆ ناو گۆڕانکارییە سیاسییەکانی داهاتوو چ بۆ ڕووخانی جمهوری ئیسلامی چ بۆ ناو شۆڕشی جێ مەبەستی ئێمە. مەرجی ئەم کارە بوونی ڕابەرایەتییەکی کۆمۆنیستی و چەپی قابیلی پشتپێبەستن و قابیلی هەڵبژاردنە لە کۆمەڵگای ئێراندا. بەبێ ئەوە ئەم هێزە ناچێتە ناو شۆڕشێکەوە کە ئێمە دەمانەوێ. بۆیە دابینکردنی ئەم ڕابەرایەتییە گرنگترین ئەرکی ئێمەیە، وە بە تەواوی قیافەی خۆیەوە لە بەرانبەرماندا ڕاوەستاوە. دەزانین ئەمە کارێکی سادە نییە. چاوەڕوانی و پێشبینی ئەم کارە گرنگە ڕەنگە زیاد و دوورە دەست بنوێنێ، بەڵام ڕەوتێکی کۆمۆنیستی کرێکاری کە بیەوێ لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێراندا لەسەر مەسەلەی دەسەڵات ڕۆڵی دیاریکەری خۆی بگیڕێ، بێجگە لەمە ڕێگایەکی نییە."

دوایین قسەی ووتاری ئیفتتاحییەی ڕەحمان حسەین زادە جارێکی دیکە جەختکردنە لەسەر پابەندبوونی حزبی حکمەتیست بە ئەزموونەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە: "دەبێ جمهوری ئیسلامی لەگۆڕ بنرێ. لەگۆڕنانی جمهوری ئیسلامی بە دەستی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان هەنگاوێکی گرنگە لە ڕاستای بە سەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشێکی کرێکاری دیکە لە نەوعی ئۆکتۆبەر لە ئێراندا. بە ڕوودانی پێشهاتێکی لەم جۆرە لە سەرانسەری جیهاندا جارێکی دیکە سەرنجەکان بەرەو لای ڕۆڵی ژێرەوژوورکەر و ڕزگاری بەخشی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم دەچەرخێ. جارێکی دیکە بەدیلی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە بەرانبەر نیزامی دۆزەخیی سەرمایەدا لە پێشوازی گشتیی خەڵک بەهرەمەند دەبێ. فەزا بۆ دروستکردنی ڕیزبەندییەکی ئینتەرناسیونالیستی بەهێز بەدژی کاپیتاڵیزم مەیسەر دەبێ. هەر بەو جۆرەی کە شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر بە ڕابەرایەتی لێنین سەد ساڵ پێش ئێستا ڕۆڵێکی موهمی بەمجۆرەی نواند."

جیاوازییەکان هەوێنی ئینسیجام و یەکێتی

ئەوەی لە بەڕێوەچوونی کارنامەی کۆنگرە و ڕێڕەوی نیقاش و گفتوگۆکان دەربارەی بەیانییە و بڕیارنامە پێشنیازکراوەکان بۆ کۆنگرە سەرنجی من و میوانەکانی بە تەواوی ڕاکێشابوو، ئەو فەزا مۆدێرن و هاوڕێیانەیە بوو کە باڵی کێشابوو بەسەر کۆنگرەدا سەرەڕای هەستیاری بابەتەکان و بوونی بۆچوونی جیاواز لەبارەیانەوە. زیاتر لەوەش بەرجەستەبوونی ئەو گیانی بەرپرسیارێتییە بوو لە چۆنێتیی ئیدارەدانی کارەکانی کۆنگرە بە ئامانجی یەکدەستکردن و یەکپارچە  ڕاگرتنی حزب لە دەوری سیاسەت و ستڕاتیژی ڕۆشن. لە قسە و مداخەلەکانیاندا، تەنانەت لە ڕەخنە و خستنەڕووی جیاوازیەکانیشیاندا لە چاوی دانە دانەی هاوڕێیاندا حەماسەتێکی کۆمۆنیستی دەبینرا بۆ سەرخستنی کۆنگرە. سەرکەوتنی حزب و حزبییەتی کۆمۆنیستی لە هەناوی کۆنگرەیەکەوە دابین دەکرێ درکی گەورەیی ئەرکەکانی ڕابەری کردنی شۆڕشی داهاتویی ئێرانی کردبێ. ئەهمییەت و هەستیاریی دەرفەتەکان درکدەکات لە ڕوانگەی واقعی ئێجگار سەختی کاری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری بە ئاراستەی ئامانجەکانی. تێگەییشتن لە بایەخی ئازادیی ڕا و بۆچوونە جیا جیاکان بۆ یەکگرتوویی لە پراتیک و سەرخستنی نەخشەکارەکان میحوەری سەرەکی مەنهەجی کۆنگرەی هەشتی حکمەتیست بوو. وەکو شاهیدێکی مەیدانی کۆنگرە بە چاوی خۆم جوانترین بردنەپێشی گفتوگۆی لینینیانەم تێبینی کرد. ئاستی بەرزی دیالۆگ و جەدەل و موناقەشەکان لە خستنەڕووی ڕاشکاوانەی ڕەخنە و بیر و ڕای جیاوازی هاوڕێیاندا لە بارەی بەیانییە و بڕیارنامەکان و قسە و باسە سیاسییەکانەوە، نەک هەر هێما بوون بۆ ئازادی ڕەهای بیروڕا، بەڵکو داینەمۆی کۆنگرەیەکی کۆمۆنیستیش بوون. هەر ئەم نەریتە مارکسیستییەش بوو کە لە تەواوی بڕگەکانی کاری کۆنگرەدا ئومێد و باوەڕی بەرهەم دەهێنا و جەختی دەکردەوە کە شۆڕشی داهاتووی ئێران پاڵپشت بە کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی کە لە بەیانییە و بڕیانامەکانی کۆنگرەدا جێگیر کرابوون، دەتوانێ دووبارە کردنەوە و سەرکەوتنی ئۆکتۆبەرێکی مەزنتر لە شۆڕشی ڕوسیا لە ئێران مەیسەر بکا.

مەشهەدێک لە نماییشی جیاوازییەکان

ئاماژە بە چۆنێتی بەڕێوەچوونی بڕگەی قسە و باس و جەدەل سەبارەت بەیانییەی بزووتنەوەی ژنان، پێشنیازکراوی ئازەر ماجدی، ڕەنگە باشترین بەڵگەی بۆچوونەکانی منیش بێت. ئەمە تەنیا بەیانییە بوو کە موخالیفی هەبوو، بەڵام ئەدای کۆنگرە لە بەڕێوەبردنیدا جێی دەرس وەرگرتن و خۆشحاڵییە. لەم بەشەدا کۆنگرە بە جوانترین شێوازی هاوڕێیانە و مارکسیستی پرۆسەی خستنەڕووی ڕاشکاوانەی بۆچوونە جیاوازەکان و ڕەخنە و چاکسازییەکان و تەنانەت پاڵپشتییەکانیشی بردەپێشەوە. سەرەتا نووسەری بەیانییەکە، ئازەر ماجدی لە ماوەی ١٠ دەقیقەدا ئەهمییەتی پێشنیازکردنی بەیانییەکەی بۆ کۆنگرە باسکرد، ئینجا ڕێگە بە ڕەزا کەمانگەر درا وەکو موخالیفی بەیانییەکە لە ماوەی ٧ دەقیقەدا گرگترین خاڵەکانی بخاتە بەردەم کۆنگرە. پاشان دەرگای بەشداری و مداخەلەی ئەندامان کرایەوە. پێموابێ ١٢ کەس نۆرەیان گرتبوو بە پشتگیری یان موخالەفەت قسەبکەن لەبارەی بەیانییەکەوە. بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە قورعەی بۆ کرا و ٧ کەس لەوان ڕێگایان پێ درا هەر یەکەیان لە ماوەی ٤ دەقیقەدا قسە و موداخەلەی خۆیان بکەن.

پوختەی موخالەفەی ڕەزا کەمانگەر لەبارەی بەیانییەی بزووتنەوەی ژنان بەم شێوەیە بوو؛ "من مخالفی کولیەتی بەیانییەکە نیم، بەڵام ڕەخنەی جددیم لێی هەیە. ووتی، بەیانییەکە باسی گرایشات دەکات و ئاماژەی بە قەوانینی جمهوری ئیسلامی نەکردوە کە چەند دژی ژنانە. ژن لە سایەی جمهوری ئیسلامیدا پلە دووە و ڕژێم سیاسەتی ئاپارتایدی جنسی دژی ژنان پیادەدەکا و لە بەیانییەکەدا نەهاتوە. هەروەها ووتی، دەبێ بە گشتی بەیانییەکە داڕێژرێتەوە و چاکسازی تیابکرێ. یەکەم قسەکەر عەبدوڵڵا دارابی، ووتی ئەم بەیانییەیە ناکۆکی زۆری تیایە و زۆرتر باسی جووڵانەوەکانی دیکە دەکات. با واز لە ئۆپۆزیسیۆن بێنین و نووکی ڕمەکان بکەینە جمهوری ئیسلامی، چونکە دەسەڵات لە دەستی ئەودایە. داوای کرد بەندی پێنج لاببرێت بە تەواوی. ئینجا کەریم نووری دیفاعی لە بەیانییەکە کرد. ووتی ئەگەر چاو لە ڕاستییەکان نەنوقێنین بەیانییەکەی ئازەر باسی واقعی بزووتنەوەی ژنان دەکات کە پاشەکشەی کردووە و ئێمە وەکو کۆمۆنیزمی کرێکاری لەناو بزووتنەوەی ژنانی ئێراندا وجودمان نییە. شەهلا نووری، بە دەنگێکی بەرز دەستی کرد بە دیفاع کردن لە بەیانییەکە و ووتی؛ چاکسازی کردن لەم بەیانییەدا تێدەگەم، بەڵام موخالەفەت بەو جۆرەی ڕەزا کەمانگەر جێگای ڕەخنەیە. شەهلا ووتی، ئەم بەیانییە باسی بزوتنەوەکان دەکات نەک باسی ڕەوشی ژنان، ئەمەش پێشفەرزی هەموو کۆمۆنیستەکانە و هەموو دەیزانین. بە تووڕەیی ووتی، کاتێک سەرقاڵی کاری گۆڤاری (مدوسا) بووین تەلەفزیۆنی فەڕەنسی بە دوای ئازەر ماجدیدا دەگەڕان ئینتەرڤیۆی بکەن، چونکە ئەوسا کارمان دەکرد، بەڵام ئێستا نا. هەروەها ووتی، لە سارا محەمەد بپرسن بزانن چۆن ٧٠ هەزار کچی ئێرانی لە خارج لەژێر گوشاری ناموسیدا دەناڵێنن. سەیف خودایاری ووتی؛ خاڵی هەستانی بەیانییەکە زۆر لاوازە و لە جیاتی سەرنگومکردنی جمهوری ئیسلامی، ئازادی و ڕزگاری ئینسان دابنرێ باشترە. لە بەندی ٢ دا باسی سکیۆلاریزمی سیاسی دەکات کە من نەمبیستوە. بەندی پێنج لاببرێ. بەندی ٨ نا بە ئاپارتاییدی جنسی بگۆڕێ بە نا بە هەڵاواردنی جنسی. سەیوان کەریمی چەند ئیسڵاحی پێشنیازکرد و ووتی؛ ئەگەر حجاب بوبێتە پەرچەمی دژی ئەمریکایی، ئەوا ئەمریکا دەبێتە پەرچەمداری بێ حجابی، لە کاتێکدا ڕابەرانی ئەمریکا دەچنە سعودییە و حجاب دەکەنە سەر ژنەکانیان و کێشەیەکیشیان نییە. ناسر مرادی پاڵپشتی کرد لە بەیانییەکە و ئیسڵاحاتی پێشنیاز کرد. مەلەکە عزەتی ووتی پشتگیری ئەم بەیانییەم کردوە و جیاوازی تایبەتیم نییە، بەڵام لە بەیانییەکەدا باسی شکستی بزووتنەوەی ژنان و بەهێزبوونی میللی مەزهەبییەکان دەکات. بەیانییەکە دەڵێ ئەوان بوون بە خاوەنی مەسەلەی ژنان. بەڕای من بەیانییەیەکی بەم جۆرە نابێ لە کۆنگرەی حکمەتیستدا بەم شێوەیە پەسەند بکرێ. دوای تەواوبوونی مداخەلەکان ئازەر ماجدی بە کورتی وەڵامی بە بەشێک لە ڕەخنە و جیاوازییەکان دایەوە وەکو دیفاع لە بەیانییەکەی. سەرئەنجام کولییەتی بەیانییەکە لەگەڵ چاکسازییە پێشنیازکراوەکان بۆی خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی ڕەها و ٢ دەنگی موخالیف و یەک دەنگی سپی پەسەند کرا. بە ڕای من ئەمە لوتکەی جوانترین چونەپێشەوەی پرۆسێسێکی هەستیار و جێ سەرنج و ڕەخنەیە دەربارەی بەیانییەیەکی پێشنیازی بۆ کۆنگرە، کە ئازادانە و بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوڕێیانە  بەڕێوەچوو.  دەرئەنجام بووە جێگای پەسەندی کۆنگرە. ئەمە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەی کۆمۆنیزمە کە جیاوازی بیروڕا دەربارەی پرسێک دەگۆڕێ بە شانۆی نماییشی ئیتیحاد و یەکڕیزی زیاتر.

میوانەکانی کۆنگرە

گۆشەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکەی کۆنگرەی ئۆکتۆبەر حوزوری میوانەکان بوو. ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری میوان کە بە ڕەسمی بانگهێشت کرابوون، وە لە هەر چوار لای جیهانەوە زەحمەتیان کێشابوو و هاتبوون، گەرم و گوڕی و ڕەونەقێکی زیاتری بەخشیبوو بە کۆنگرە. بەشێک لە میوانەکان بە وێنەی شاندی ڕەسمی حزب و لایەن و ڕێکخراوی جیا جیا هاتبوون، کە پەیامی ڕەسمی لایەنەکانی خۆیان خوێندەوە سەرباری مداخەلەی شەخسی چەند کەسیان. وەفدی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان و .. تد. سەرجەم میوانە بەڕێزەکان هەر تەنیا وەڵامی موسبەتیان بە بانگهێشتنامەی حزبی حکمەتیست نەدابوەوە بۆ بەشداری لە کۆنگرە، بەڵکو زۆربەیان خۆیان کەسایەتی ساحێب نەزەر، ئینسانی خاوەن ڕابردووی سیاسی بە ئەزموونی نێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئێران بوون و خۆیان بە دڵسۆزی حزبی حکمەتیست و شەریکی کۆنگرەکەی دەزانی. ئەژمارێکیان مداخەلەی جددیان کرد لە باسەکانی کۆنگرەدا. بێگومان کاتیان بۆ  تەرخان کرابوو. ئەوان تەنانەت لە دەربڕینی ڕەخنە و بیر و ڕای جیاوازیشیاندا ئەمەکدارانە قسەیانکرد و وەفادار مانەوە بە دڵسۆزییەکەیانەوە بۆ کۆنگرە. ئەمەش جێگای پێشوازییەکی تەواو بوو لە لایەن کۆنگرە و هاوڕێیانی حزبی حکمەتیستەوە.

بێگومان لێرەدا ئیمکانی ڕووماڵی تەواوی کارەکانی کۆنگرەیەکی دوو ڕۆژەی چڕ و پڕ و بەرهەمدار بەردەست نییە، کە زیاتر لە ١٦ سەعاتی خایاند. هەر بەوجۆرەش تەنیا دەتوانم ناوی ئەو میوانە بەڕێزانە بێنم کە مداخەلەیان هەبوو لە باسەکانی کۆنگرەدا. عەباس سەماکار و موسڵح ڕێبوار کە دوو کۆمۆنیستی بە ئەزموون و شاعرن، هەروەها چەند کەسایەتی چەپ و کۆمۆنیستی ناسراو وەک، سەید حەسن قادری، بەهرام ڕەحمانی، مەحمود جەوانمەردی،  جەبار محەمەد، ئارام ئالنەبی، ئاوات سادقی، مستەفا قادری و ئەستی پیرۆتی و عەبدوڵڵا مەحمود کە لە باسەکاندا مداخەلەیان کرد.

هەڵبژاردنی کۆمیتە ناوەندی

گۆشەیەکی تری کۆنگرە، بڕگەی هەڵبژادنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبی حکمەتیست بوو. لە پرۆسەیەکی تەواو ئازاد و دیموکراسیانەدا ڕابەرایەتییەکی بەکۆمەڵ بۆ حزب هەڵبژێردرا. ٣١ کەس وەکو ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزب دیاریکران. کۆمیسیۆنی ئەژمارکردن و فەرزکردنی دەنگەکان لە شەش کەسی میوان پێکهاتبوو. خۆم یەکێک بووم لەوان. هەر ڕۆژی دوای کۆنگرە پلینۆمی کۆمیتە ناوەندی بەسرا و ڕابەرییەکی دەستەجەمعی وەکو ڕابەرایەتی سیاسی و جێبەجێکاری دەستنیشان کرد. بەمپێیە حزبی حکمەتیست لە جیاتی سەرۆک یاخود لیدەر و سکرتێری گشتی، ڕابەرایەتییەکی جەماعیی دامەزراند بۆ ئاراستەکردنی حزب بە ڕێگای کۆنگرەکەیدا، کە هێمایە بۆ تۆکمەیی حزبییەتی ناو ڕیزەکانی حزبی حکمەتیست.

کۆتایـــی

چاوگێڕانێک بە ناو بڕیارنامەی بارودۆخی سیاسی ئێران و چوار دانە بەیانییەی هەل و مەرجی جیهانی، بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران، بزووتنەوەی ژنان و بەیانی دژی فاشیزم و چەندین بڕیاری گرنگ کە بەرهەمی کاری ئەم کۆنگرەیە بوون، شتێک ناهێڵێتەوە ئینسان ئاماژەی پێ بکا کە لە قەڵەمی ڕێکار و کارنامەی کۆنگرە دەرچوبێ. ئەمەش هەنگاوێکی سەرکەوتنی دیکەیە بۆ کۆنگرەی حزبی حکمەتیست.

جێگای خۆیەتی باسی ڕۆڵی گرنگی هاوڕێ مەریوان هەڵەبجەیی، کەسایەتی سکیۆلار و شارەزا لە ئیسلام بکەم لە کۆنگرەدا. بەڕێزی بە خۆی و دەزگای پەخشی میدیایی تایبەت بە خۆیەوە، سەرتاپای ڕۆژی یەکەم و نیوەی ڕۆژی دووهەمی کۆنگرەی بەشێوەی لایڤ لە پەیجی تایبەتی خۆیەوە پەخشکرد. کە هەزاران کەس لە ئێران و جیهانەوە لەڕێیەوە توانییان بە شێوەی زیندوو کارەکانی کۆنگرە متابەعە بکەن. لە هەمان کاتدا پەرتەو تەلەفزیۆنی حزبی حکمەتیستیش بە شێوەی لایڤ سەرتاپای کارەکانی کۆنگرەی پەخشکرد.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

٣ دیسەمبەر ٢٠١٧

Last Updated on Tuesday, 05 December 2017 00:34
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان یاداشتەکانم دەربارەی کۆنگرەی ٨ی حزبی حکمەتیست، وێستگە سەرەکییەکانی کۆنگرەی ئۆکتۆبەر