ڕه‌وه‌ند

شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌! Print
Sunday, 03 December 2017 14:33

له‌باره‌ی بانگه‌وازی پارتی بۆ خۆپیشاندان بۆبەردەم بارەگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا له‌شاری له‌نده‌ن‌!


نوری به‌شیر:

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوێکی لیژنه‌ی ناوچه‌ی له‌نده‌نی پارتی بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕیکه‌وتی 29ی نوڤێمبه‌ر، خوپێشاندانێک بۆبه‌رده‌م باره‌گای سه‌ره‌کی "کۆمپانیای نه‌وتی به‌ریتانی بی پی"، به‌ڕێبخات، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ڕێکه‌وتنه‌ی که‌‌کۆمپانیای ناوبراو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراقدا به‌ستویه‌تی بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کێڵگه‌ و بیره‌نه‌وته‌کانی که‌رکوکدا. گوایه‌ ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ به‌دژی "به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌کانی کورد" و حسابنه‌کردنی کۆمپنایاکه‌یه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان!. که‌له‌راستیدا خودی ئه‌م ‌بانگه‌شه‌ نه‌ته‌وه‌چێتیه‌ پوچه‌ی پارتی، که‌ساڵانێکی زۆره‌ خه‌ڵکی پێ فریوده‌ده‌ن وخودی ئه‌وه‌شی که ‌بۆ دیفاع له‌ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دژ ‌به ‌خه‌ڵکیه‌که‌ی که‌ناویان ناوه‌ "حکومه‌تی هه‌رێم"، داوایان کردووه‌ له‌ کوردستانیانی دانیشتوی شاری له‌‌نده‌ن، له‌دژی کۆمپانیای ناوبراو، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی که‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی پارتی ناکات، بهێننه‌ مه‌یدانه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ده‌رزیه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ژیان و چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕو هه‌رای کۆمپانیاکانی نه‌وته‌ له‌عێراق و کوردستاندا و خه‌ڵکی هوشیار نابێ ببێته‌ زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌. نه‌وتی که‌رکوک  و چاڵه‌کانی که‌مادام به‌ده‌ست نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێرداروی خه‌ڵکه‌وه‌ نییه و له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزی‌ میلیشیای حزبه‌ بۆرژوا قه‌ومی و دینه‌یه‌کاندا بێت‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کۆمپانیاکانی پارتی و یه‌کێتی بیفرۆشن یان کۆماپانیاکانی حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی، خه‌ڵکی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی کوردستان و عێراق نابێ ببنه ‌زه‌خیره‌ی ئه‌م شه‌ڕو ململانێیه‌. به‌م جۆره‌ش نابێ به‌پیر بانگه‌وازێکی له‌م جۆره‌وه‌‌ بچن و ڕیزی خه‌بات وتێکۆشانی خۆیان له‌دژی په‌لامار وئابڵوقه‌دانه‌کانی حکومه‌تی عێراق بۆ سه‌رکوردستان تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ته‌کانی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ن.

 

شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌!

له‌ڕابردویه‌کی نزیه‌که‌وه‌، هه‌موو دونیاو خه‌ڵکی کوردستان شاهیدی سیاسه‌تی سه‌رشۆڕکردن و ته‌سلیمبوونی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان (یه‌کێتی و پارتی) بوون و ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوه‌ که‌چۆن ته‌واوی که‌رکوک وناوچه‌ جیناکۆکه‌کان، ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ‌ئابوریه‌کان له‌خا‌ڵه‌کانی سنور و ڕێگای ئاسمانی، تا ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و هه‌موو عه‌قده‌کانی ڕابردوو، هاتوچۆی کۆمپانیاکان و ڕێکه‌وتنه‌ بازرگانیه‌کان.. له‌لایه‌ن خودی پارتی و یه‌کێتیه‌وه‌ ‌ ته‌سلیم به‌ حکومه‌تی عێراق کرا، ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ که‌متره‌ له‌چاو ڕێکه‌وتێکی کۆمپانیایه‌ک وا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیرایه‌به‌ر؟!، یان مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌پارتی ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ته‌سلیمبوون به‌عه‌بادیدا ڕووی خۆی سپی بکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌م کاره‌ش له‌له‌نده‌نه‌وه‌ ده‌ستپێبکات؟.

به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و راستیه‌یان له‌لایه‌ که‌به‌دوای ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی زۆرێک له‌ناوچه‌کانی کوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌کانی کوردایه‌تیه‌وه‌ به‌حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی شیعی عێراق و هێزه‌ پاسداره‌کانی جمهوری ئیسلامی به‌سه‌رپه‌رشتی قاسم سله‌یمانی له‌ 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌مێژووی دنیاو ناوچه‌که‌و کوردستاندا، هیچ هێزێک هێنده‌ی حزبه‌ ناسیونالسیته‌کانی کوردی و به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی ریسواو ملهوڕو چاو له‌ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌که‌و کۆنه‌په‌رستی نه‌بووه‌. بۆ هه‌موو لایه‌ک رۆشنه‌ کارنامه‌ی 27 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌کاری مافیایی و دزی و تیرۆرو چه‌قۆکێشی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و بوون به‌مڵکی بنه‌ماڵه‌یی چاڵه‌ نه‌وت و سه‌رچاوه‌کانی تری کوردستان، وه‌ جۆره‌ها رێکه‌وتنی لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌زگای جۆراوجۆری مافیایی و کۆمپانیایی جۆراوجۆری وڵاتان له‌ئاستی دنیادا، و به‌تاڵان و هه‌راجکردنی نه‌وتی خه‌ڵکی کوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی کوردستان به‌هه‌ره‌مه‌ند بن له‌داهاته‌که‌ی.

ئێستاش هه‌ریه‌که‌ له‌و دوو حزبه‌ پاڵه‌وانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ئاگاداری دنیاو به‌پێی هه‌واڵه‌ ناوخۆیی و  ناوچه‌یی جیهانیه‌‌‌کانه‌وه‌ به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن ته‌نیا عه‌بادی له‌گه‌ڵیان دانیشێت، نه‌ک ئه‌م دوو حزبه‌ به‌ڵکو هه‌ر 5 حزبه‌که‌ی حکومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بنکه‌ فراوانه‌که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌جیا به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی ئاوڕێکیان لێبده‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشن و به‌ڵکو خێرێکیان پێبکه‌ن و به‌شێک له‌داهاتی چاڵه‌ نه‌وتێکیان که‌رۆژانه‌ ده‌ڕوات بۆ ئێران و تورکیا بده‌نێ، که‌م نین ئه‌و هه‌واڵانه‌ی تا چه‌ند راسته‌ یان نا!! که‌ باڵه‌که‌ی ناو یه‌کێتی رێکه‌وتنی 16ی ئۆکۆتۆبه‌ریان له‌به‌رامبه‌ر بڕی یه‌ک ملیۆن دۆلاری چاڵه‌ نه‌وتێک بێت که‌ده‌ڕوات بۆ ئێران. هه‌واڵی خۆونکردنی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌بیستی، به‌ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی حزبه‌کانی کوردایه‌تی له‌سه‌ر خۆشخزمه‌تی بۆ عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی و جمهوری ئیسلامی و ئه‌مریکا ده‌بیستی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وونه‌ ته‌نیا یه‌ک هه‌واڵ له‌شه‌هامه‌ت و ده‌ست پاکی و خزمه‌تگوزاری ئه‌م حزبانه‌ی ناسیونالیزمی کورد، که‌ بۆ نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ ده‌بێت نابیستی له‌سه‌ر دابینکردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌و داهاتی نه‌وته‌ی که‌ بردویانه‌و ئێستا شیوه‌ن و شه‌ڕو ناڕه‌زایه‌تی و خه‌ریکی راکردنن به‌شوێن نوینه‌ری ئه‌مریکاو حزبوڵای لوبنان و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانیه‌وه‌.

ئێستا ده‌یانه‌وێ ئه‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ی که‌ به‌ریتانیا له‌رێگای کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا بی پی له‌گه‌ڵ عه‌‌بادی رێکه‌وتون هه‌ر له‌کاتی ته‌سلیمکردنی که‌رکوک و دوزو زۆرێک ناوچه‌ی تر، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌ببڕن، به‌ڵام پێمان ناڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆمپانیانه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵ بی پی نه‌یکات، خۆ ئێو کۆمپانیای عه‌له‌نیتان نیه‌ تا له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی ئێوه‌دا بیکات، ئێوه‌ نه‌ک چاڵه‌ نه‌وته‌کان، به‌ڵکو هه‌موو کوردستان و ئیراده‌و ژیانی خه‌ڵکی کوردستانتان جارێکی تر ته‌سلیمی فدراڵیزمه‌ شکستخواردووه‌ قه‌ومی و تایفیه‌که‌ی باڵی ئیسلامی شیعه‌ کرده‌وه‌. خۆ پێشتر هه‌موو ئه‌و چاڵه‌نه‌وت و داهاته‌ گه‌ورانه‌ به‌گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ کۆمپانیای جیهان له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌دا بوو، ده‌توانن بڵێن چه‌نده‌ به‌ش و له‌سه‌دا چه‌ندیتان بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵک سه‌رفکرد!؟ ده‌کرێ پێمان بڵێن به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌چیدایه‌ ئه‌و کۆمپانیانه‌ له‌ژێر ده‌ستی عه‌بادی و قاسم سله‌یمانی و ئۆردوگاندا بێت، یان بی پی به‌ریتانی و کۆمپانیاکانی روسی و که‌نه‌دی و یابانی و ئه‌مریکیدا بێت!

ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆ ئێوه‌ ده‌ستگرتنه‌ به‌ تاڵه‌ پوشێکه‌وه‌ له‌ده‌ریایی کۆنه‌په‌رستی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌بادی و ئۆردوگان و قاسم سله‌یمانی دا گیرتان کردوه‌، که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌تان ده‌وێت جارێکی تر شه‌ریکتان که‌ن له‌داهات و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵكی کوردستان، ئیتر خه‌ڵکی کوردستان چیان به‌سه‌ر دێت و ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی ئێستا له‌و ناوچانه‌ی که‌ته‌سلیمی حه‌شدی شه‌عبیتان کردوه‌، جگه‌ له‌پاساوی یه‌کتر تۆمه‌تبارکردن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئیدامه‌ به‌ژیانی حزبه‌کانتان بده‌ن چیت نیه‌‌. بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی کوردستان له‌و چاڵه‌ نه‌وتانه‌ نه‌له‌وه‌دایه‌ له‌لایه‌ن ئێوه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و خۆتان له‌گه‌ڵ کۆمپانیای بی پی رێکه‌ون، نه‌ له‌وه‌دایه‌ عه‌بادی له‌گه‌ڵیان رێکه‌وێت، ته‌جروبه‌و کارنامه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی حزبه‌کانتان نیشانی داوه‌.

به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌موو داهاتی کوردستان به‌چاڵه‌ نه‌وته‌کانه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستاندا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌واندا به‌ڕێوه‌ بچێت و داهاته‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و خزمه‌تگوزاریه‌کانی خه‌ڵکی کرێکارو که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستی ئێوه‌و حزبه‌کانی کوردایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌و ره‌نگه‌کانتانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵكی کوردستان وه‌لابنرێت.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

Last Updated on Sunday, 03 December 2017 14:36
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان شه‌ڕی نه‌وت و کۆمپانیاکان.. شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نیه‌!