ڕه‌وه‌ند

کوردانی تاراوگە دەبێت بەشداریی لە کەمپەینی کێشە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانا بکەن Print
Sunday, 03 December 2017 14:00

زاهیر باهیر –لەندەن

کۆچکردن و پەنابەریی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤی و وڵاتانی دیکە، بە زۆری  دەگەڕیتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووهەم.  کورد کەمایەتییەکی زۆر کەم بوون  بەبەراورد بە زۆرێك لە نەتەوەکانی دیکە لە کۆچکردنیانا تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی  چەرخی ڕابوردوو.

 

شەپۆلی تەواوی ڕەوی کورد  بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە سەراپای کوردستانەکانا کەم و زۆر لە هەمان وەختا کراوە. لە باشووری کوردستانا لە دوای ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردیی/کوردایەتیی لە ئازاری سالی 1975 دا، لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانا لە دوای بەناو شۆڕشی ئێران و لە باکوری کووردستانا دوای بزوتنەوەی پەکەکە و لە ڕۆژاوای کوردستانا لە هەشتاکانا دەستی پێکرد بەڵام بە هێواشی، هەتا سەرهەڵدانی "بەهاریی عەرەبی".

بەداخەوە کە ئامارێکی ئاوا نییە کە ژمارەی کۆچبەران و پەنابەریی کوردی لەسەرجەمی ئەو وڵاتانەی ناونوسم کردن و وڵاتانی دیکە ،نیشان بدات تاکو ژمارەیەکی کەتواریمان بداتە دەست. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کوردانی باشورو و باکور زۆربەی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەناو هەموو کوردانی تاڕاوگەدا پێكدەهێنن.

کوردانی تاڕاوگە گیروگرفتێکی زۆری هاوبەشیان [کۆمۆن] لەتەك سەراپای کۆچبەران و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا، هەیە. لەمانە: کێشەی زمان، خانووبەرە، کار، خەمی خێزانی بەجێماویان. هاوکاتیش هۆکاری سەرەکی هاوبەشی نێوان هەموویان لە ڕەوپێکردنیان بۆ ئەم ولاتانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سیاسییە.  زۆرینەیان لەدەست بەندیکردن، سەرکوتکردن، نەبوونی ئازادیی و ڕاونانیان، بووە.  بەرپاکردنی  جەنگ دژ بە نەتەوەکانیان لەلایەن ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، یاخود ملکەچکردنی حکومەتەکانیان هەر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تاکو ئارەزو و داخوازییەکانیان بەجێبهێنن، هۆکارێکی سەرەکین.  هەموو ئەو گرفتانە تا ئێستاش لە نێوانی هەموو کەمایەتییە نەتەوەییەکانا ، هاوبەشن و لە ئارادان.

گەر تەماشای تەواوی ئەفەریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئاسیا ، خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشووریی ئەمەریکا، بکەین تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەمە ڕاستییە.

لە کاتێکدا هۆکارەکانی ڕەوکردنیان دەزانین بە تایبەت هۆکاری سیاسی و جەنگ بووە بۆ بەجێهێڵانی وڵاتەکەیان و نیشتەجێبوونیان لەم وڵاتانە، پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدا. بۆچی ئەم خەڵکانە لەم وڵاتانەی کە ئێستا تیایدا نیشتەجێن، تێکەڵاو بە سیاسەت نابن؟ ڕەنگە هۆکارێکی زۆری جیاواز هەبێت، وەکو: هەموویان پاشخانێکی سیاسییان نییە، هەموویان کێشەی ئاوارەیی و چێشتنی ژیانی ناخۆشییان نابەستنەوە  بە کێشەی سیاسی و  سیستەمی هەنوکە و حکومەتەکانی وڵاتی نیشتەجێبوونیانەوە، دەرك بەوە ناکەن کە ڕەنگە ئەوانە هۆکار بن، یاخود ڕەنگە ترس بێت لە هەر جۆرە  هێڕشێك، سەرکوتکردن لە لایەن هەر لایەك و دامەزارەوەیەك بە حکومەتی ولاتانی خۆشیانەوە کە لێوەی هاتوون، زۆرێک لە کێشەی خێزانی، بڕوا بەخۆ نەبوون، کێشەی کۆمەڵایەتی، تا ڕادەیەك هۆکارن. لە ڕاستیدا دەکرێت هەر یەك لە ئەمانە کێشەیەك بێت لە بەشداریینەکردنیان لە سیاسەتا لێرە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر هۆکارێك بێت، هەر  پاساوی بەشدارینەکردنی لانی کەم خەڵکانێکی زۆر کەمیان نادات لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لەم وڵاتانەدا هەیەو سەرودڵی ئەوانیش و خێزانیشیان دەگرێتەوە.

ئاوارە و کۆچبەران لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایەوە هەڵهاتبن بۆ ئەم وڵاتانە، لە کاتێکدا کە هۆکاری ئاوارە بوونیان هاوبەش و چونیەکن، بەهەمان شێوەش دووژمنەکانیشیان هەر هەمان دوژمنە.  هۆکاری ئەو هەموو نەگبەتییەی کە بەسەر ئەوان هاتووە دەولەتە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەوانی دیکە لەتەك دەوڵەتانی ناوچەکانی خۆشیان کە لێوەی هاتوون. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە جەنگی جیاواز جیاواز دەخولقێنن، لەشوێنی خۆیان هەڵیاندەکەنن، کۆمەك و هاوکاریی گروپە تیرۆریستەکان و حکومەتە دیکتاتۆر و فاشییەکانی وڵاتان و وڵاتانی کە لێوەی هاتوون بە هەموو شێوەیەك، لە داپڵۆسینیانا، دەکەن.  ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە بازرگانی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ حکومەتەکانیانا دەکەن، ئەمانن کە سەرچاوەکانی  ژیانیان لێ دزیون، ئەمانن کە داخوازی جێ بەجێکردنی سیاسەتەکانی دەزگە دراوییەکانی نێو دەوڵەتی و کۆمپانیا گەوەرەکان دەکەن و کۆمەکیان پێدەکەن کە بچنە ئەوێ و تاڵانیان بکەن، دیسانەوە هەر ئەمانن کە کار لەگەڵ کۆمپانیا گەوەرەکانا دەکەن بۆ وێرانکردنی زەوییەکانیان و کۆمۆنێتییەکانیان. هەر ئەمانن کە هۆکاری خاپوری وڵاتیان و ڕاونان و ئاوارەکردنیانن، کەچی دەرگاشیان بەڕوودا دادەخەن.  ئەی کەواتە بۆچی ئەم خەڵکانە، خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر هێشتا هەر بێدەنگن، توڕەیی و هیوایان وەرناگێڕنە سەر چالاکییەکی بەرهەمهێنەر؟ پێشتر من پەنجەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە چەند وەڵامێک ، ڕاکێشا،  بە دڵنیاییەوە هۆکاری دیکەش کە من لە ئێستادا پەییان پێنابەم، هەیە.

وەکو وتم  ئەوانەی سەرەوە تەنها هۆکارێك نین بۆ ئاوارەبوونی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر، تاکو هانیان بدات دژی دووژمنە سەرەکییەکانیان، بجەنگن کە  سیستەمەکە و هێزە تاریکەکانن. هۆکاری تر هەن، کە ڕەنگە هەندێك لەمانە ڕۆژانە ڕووبەرووی ببنەوە، وەکو: نەژادپەرستی، ناشیرین مامەڵەکردنیان، هەڵاواردن، نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی.

لەم وتارەدا من تەنها جەخت لەسەر کورد لە تاراوگەدا دەکەمەوە سەبارەت بە چالاکییەکانیان و ئاڵانیان بە سیاسەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێكیان زۆر چالاکن لە کێشەی کورددا. بەڵام ئەو چالاکیانەیان فراوان ناکەن و گرێی نادەنەوە بە خەبات و تێکۆشانیانەوە دژ بە دەوڵەتانی ئێرە کە تیایدا دەژین هەروەها لە کۆمەککردن و هاوکارییکردنی کەمپەینەکانی کە سەبارەت بە کێشە لۆکاڵی و نەتەوەیییەکانن.

ئیمە هەموومان دەزانین کە کۆمۆنێتییەکانمان لە بریتانیا لەژێر فشار و مەترسییەکی زۆر گەورەدان لە لایەن تەواوی لایەنەکانەوە کە لە دەسەڵاتدان: پارتی لەیبەر [کرێکاران]، کۆنەپارێز [موحافزین] و حوکمی هاوبەشی لیبراڵ و کۆنەپارێز.  ئێمە لەژێر ئەم مەترسییەداین تا ڕادەی لە دەستدانی شووناسنامەشمان، ئازادیی سیاسی تاکە کەسیمان، لەدەستدانی ئەوەی کە باو باپرانمان بەدەستیان هێناوە. بەڕاستی ئیمە لە بەردەم لە دەستدانی نزیکەی هەموو شتێکداین. با هەر تەنها تەماشای مێژوی ئەم سێ دەیەیە لە بریتانیادا بکەین، کە ئەمە هەندێکیانە: لە تەسککردنەوەی قەبارەی ئازادییەکانمان، دانانی زیاتر لە 15 ملیۆن کامیرای چاودێریکردنمان، سیخوڕیکردن بەسەرمانەوە لە شێوەی جیاجیادا، سەرکوتکردن و هەراسانکردنمان لە ڕێگایی پۆلیسەوە، دەرکردن و جێ بەجێکردنی زۆرێك لە یاسا لەژێر ناوی یاسای "دژە تیرۆردا"، هێڕشکردنە سەر نقابە و مافەکانی کرێکاران، گۆڕانە بەردەوامەکانی یاسا و بڕگەکانی سەراپای بیمە و مافی خانوبەرە و خزمەتگوزارییەکان، هاتنەسەرەوەی ژمارەی کەسان و خێزانی بێ خانووبەرە، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی، زیاتر کردنی قوتابخانەی ئەکادیمی، داخستنی بەشی منداڵبوون و فریاکەوتن (تەواریی) لە گەلێك لە خەستەخانەکانا و هەوڵی بە تایبەتی کردنی خەستەخانەکانی دەوڵەت و درێژبوونەوەی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆرەکان و کاری نەشتەرگەریی، هەڵوەشانەوەی پارەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆکان و کردنیان بە قەرز، زیادکردنی پارەی کارەبا و ئاو و غاز، سەرخستنی تەمەنی خانەنشینبووون، زیادبوونی ئاستی پیسیی ژینگە، دانانی یاسای زیڕۆ گرێبەست بۆ ئەوانەی کە کار دەکەن [واتە نەبوونی هیچ مافێک]، هەبوونی 6.5 ملیۆن کرێکار کە هەقدەستیان لەژێر لانی کەمی کرێوەیە، نزیکەی 4 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا، دەژین . نزیکەی 600 هەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین کە بەشێکیان کاریش دەکەن. بە کورتی ئێمە کۆیلایەتی مۆدێرنمان هەیە و ئەم لیستە دەتوانرێت بۆ دەیەها خاڵی دیکەش درێژبکرێتەوە.

ئەو گرفتانەی سەرەوە هەموویان یا زۆربەیان کارایی خۆی لەسەر کوردانی بریتانیا وەکو هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە هەیە.  ‌هۆکاریی هەژموونیشی بە هۆی بوونی: قەوارەی گەورەیی خێزانییان، گرفتی زمان، تێنەگەیشتن لە کارکردنی سیستەمی ئەم وڵاتە، هەبوونی گرفتی خێزانی لێرە و لەوێ، نەخۆشی سایکۆلۆجی و دەروونی و نەخۆشی دیکە بە هۆکاری بارودۆخ و پاشخانی سیاسیانە و کۆمەڵایەتی و زۆرێکی تر.

بۆ هەر کام لەو کێشانەی کە لەم وڵاتەدا هەیە و لەسەرەوە ناوم هێنان لە هەموو شارەوانییەکان لە لەندەن و لە شارە سەرەکییەکانی بریتانیا گروپگەلێکی زۆر دروستکراوە و دەستبەکاربوونی کەمپەینێکی بێ ئەژماریش دژ بە هێڕشەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان، ڕێکخراوە. ئەم گروپانە دژ بە دەوڵەت و کۆمپانیا گەوەررەکانن بەو ئامراز و ڕێگایانەی کە خۆیان پێیان باشە، لەم تێکۆشانانەدا هەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون. لێرەدا ئەوە دەبینین کە هیچ گومانێك نییە سەرکەوتنەکانی هەر کەمپەینێك لەو کەمپەینانە زۆر سووودبەخشترن بۆ کۆمۆنێتی کوردی و کۆمۆنێتی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەش زۆر زیاتر لە خەڵکە بنەچەییەکەی [ئەسڵییەکەی] بەهۆکاری بارودۆخی تایبەتییەوە.

کورد لەو ولاتانەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن باشترە  بەشداریی لەو کەمپەینانەدا لەڕیزی خەڵکانی دیکەوە  بکەن.  ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەراوێزیی ڕزگار بکەن، وەختی ئەوەیە کە ڕؤڵیکی گەورە لە کەمپەینە لۆکاڵییەکان و وڵاتا بگێڕن ، کاتی ئەوەیە کە کێشەکانی خۆیان بەخەڵکی ئیرە لە ڕێگەی چوونە ناو کۆبونەوەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان بناسێنن و هاریکاریی و هاوکاریی خۆیان پێشکەش بە خەڵکە لۆکاڵەکە بکەن و هەمان شتیش بەدەستبهێننەوە.

کورد لێرە دەبێت کێشەکانی خۆیان لە ئاستی لۆکاڵ و وڵاتدا هاوبەش بکەن بیکەنە کێشەیەکی لۆکاڵیی و وڵات. کردنی خۆپیشاندان بە تەنها بۆ کێشەی خۆیان و هەر بە تەنها خۆیان، یاخود گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی تەنها بۆ کێشەی خۆیان و بەخۆیان، کردنی نەڕە نەڕ و قاو و قیژ، بەرزکردنەوەی چەند دروشم و  وێنەی ئەم ڕابەر و ئەو سەرکردە بە تەنها، کافی نییە. گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەن بە تەنها کردنی ئەوانە و هەر بە خۆیان، وا بزانن ئەم چالاکییانە تەواو و بەسن کە لە لایەن میدیا و دەسەڵاتدارانەوە ببیسترێت، بە دڵنیاییەوە نایان گەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە هەیانە.

ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان لە لایەن خەڵکەوە، لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانەوە ببیسترێت، ئەوە دەبێت تێکەڵ بە کۆمەڵی ئێرە ببن تاکو سۆز و کۆمەك و هاریکارییان حاسڵ بکەن. ئەوە ڕاست نییە کە چاوەڕوانی خەڵك بکەیت کە یارمەتیت بدات بەڵام خۆت هیچ یارمەتییەك نەدەیت، ئەمە لە کاتێکدا دەزانین کە هەموو کەسێك بەری بردەنەوەی کەمپەینەکان دەچنێتەوە.

لەگەڵ  وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەمە مانای ئەوە نییە کورد لێرە کێشەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن و چەق لەسەر ئەو کێشانەی کە لێرە هەن، ببەستن. بەڵام ئەمە ڕاستییەکە گەر بتەوێت کۆمەک و هاریکاریی  زیاتر بەدەستبهێنیت، دەبێت لە  چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیت بەشداریی بکەیت. خەڵکانی کورد دەبێت دەرک بەوە بکەن کە هاوکارانی دوژمنەکانیان لە وڵاتانی خۆیان، دەوڵەتە لێرە و کۆمپانیا گەورەکانە. چەندێك دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان لێرە لاواز بن، حکومەتی وڵاتانی خۆشیان لاواز دەبن و کەیسەکانی ئەمانیش بەهێزتر دەبێت سەرکەوتنیش بەسەردوژمنەکانیانا خێرا تر دەبێت.

بایاخنەدانی کورد بە کێشە سیاسییەکانی لۆکاڵی و وڵات نەك هەر لە بریتانیادا کێشەیە، من لە ڕێگای هاوڕێیان و برادەرانەوە ئەوە دەزانم هەمان کێشە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەسکەندناڤیا و ئەمەریکا و وڵاتانی تریش هەن، کە بە دەگمەن خەڵکی کورد بەشداریی چالاکییەکان دەکەن ئەگەر بزانن ئەو چالاکییانە، سەبارەت بە کێشەکانی  خۆیان و وڵاتانیان نییە.

لێرە، لە بریتانیا، بەتایبەتی لە لەندەن کە من بۆ ماوەیەکی درێژە لێی دەژیم، ئەوە دەزانم کە زۆرێك لە شارەوانییەکان، کورد تیایدا ژمارەیەکی گەوەرە پێکدەهێنێت لە نێوانی کۆچبەران و و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا. لەو شارەوانییانە کێشەی گەورە گەورە هەیە و کوردیش ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، کەچی هێشتا کورد لەوێدا بێ دەنگە و چاوی تەنها خستۆتە سەر شتە تایبەتییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی کە ئەو گرفتانە هیچ پەیوەدندییەکیان بەوانەوە نەبێت.

ئۆکتۆبەری 2017

Zaherbaher.com

Last Updated on Sunday, 03 December 2017 14:03
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان کوردانی تاراوگە دەبێت بەشداریی لە کەمپەینی کێشە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانا بکەن