ڕه‌وه‌ند

سیستەمى دینى کۆیلەکردنى کۆمەڵگایە Print
Sunday, 03 December 2017 13:09

عبدالرحمن رسول

ئەگەر بمانەوێت ئایندەمان لەئەمڕۆوساڵانى ڕابردوو باشتربێت و لەڕووى دەست ڕاگەیشتن بە مافەمەدەنى وشارەستانىیەکان ودەست ڕاگەیشتن بەئازادى ڕادەربڕین وسەرجەم ئازادى یەکانى ترودابین بوونى ڕیفاهیەت وخۆش گوزەرانى وژیانێکى شایەستەی مرۆڤى سەردەمى پێویست دەکات هەنگاوى کردارى بۆ بنێین تاک بەتاکى هەریەکەمان دڵسۆزبین بۆهێنانەدى ئایندەیەکى باشتر لە سەردەمى ئێستامان. لەبەرئەوەى هەڵسوڕان وتێکۆشانى مرۆڤەکان بۆبەرگرى کردن لەماف وئازادى یەکان چەند بەهێز و یەکگرتوو بێت ئەوەندەهێنانەدى ئامانجە مرۆڤایەتى یەکان ئاسانتر و ڕۆشنتردەبێت بەپێچەوانەشەوە هەرڕاستە چەندە پرشوبڵاوى وبێ ئیرادەیى بۆ گۆڕانکارى ئایندەیەکى نوێتر و باشترهەبێت ئەوەندە ئایندە و ئاهاتوویى مرۆڤەکان تاریک تروسەخت تر و نالەبارتر دەکات. هەربۆیە مهاتماغاندى ڕاستى گووتوە کە گووتویەتى (داهاتوو پشت دەبەستێت، کە ئەمڕۆ ئێمە چی دەکەین.) ئەبێت هەموومرۆڤێک ئەوەبزانێت هیچ شتێک لەخۆیەوە ڕوونادات وهیچ ئاوات وئامانجێکى مرۆڤایەتى بەدی نایەت بەبێ تێکۆشانى مەدەنى وشارەستانى وبەرگرى کردن لەگەشەى ئازادى ویاسا و سوونەتە سیکۆلار و شارەستانى یەکان نەبێت.

 

پێمان خۆشبێ یان پێمان ناخۆشبێت داکۆکى کردن لەهەبوونى یاساو سیستەمێکى دینى ومەزهەبى گێڕانەوەى کۆمەڵگایە بۆسەدەکانى ڕابردوومان کەزۆرینەى مرۆڤەکان کۆیلە و چەوساوەبوون وبێ ڕوحمانە ئازاردەدران وسوکایەتیان پێ دەکرا، بێ بەش دەکران لەژیان وگوزەرانێکى سەردەمى کەخۆشگوزەرانى وڕیفاهیەت وئازادى ومافەمرۆڤایەتى یەکان بەبێ ئەوەى پارێزراو بێت، ئەوا بەداکۆکیمان بە یاسا و سیستەمێکى دیینى خۆمان تووشى چەوسانەوە و شەڕ و نەهامەتى و بەڵایی جۆراوجۆر دەکەین هەرەوەک باوک و باپێرانمان لەساڵانى ڕابردوو وسەدەکانى ڕابردوو.

لە کۆمەڵگاى ئێران و کوردستاندا بەهۆى هاتنەسەرکارى دەسەڵاتى مەلاکان وئاخوندەکان بەزۆرسەپاندنى سیستەمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی کۆمەڵگای ئێرانى وکوردستان چەندین ساڵ گێڕایەوە دواوە لەڕووی پەروەردە و فێرکردن ولەڕووى کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى یەوە، خەراپترین ودژەبەشەرى ترین یاساکانى حوکمى ئیسلامى جێبەجێ کران بەسەرخەڵکى دا، بەدرێژایى ٣٨ ساڵ خەڵکى کۆمەڵگای ئێران وکوردستان چاوەڕوانى هەواڵى دڵتەزێنى لەسێدارەدانى گەنجانى کوڕوکچ دەکەن لەسەرشەقامەکان یاخود لەناو زیندانەکاندا بەنادیارى کەلەسێدارە بدرێت یان چاوەڕوانى هەواڵى ناخۆشى گەیان لەدەستدانى زیندانێک کە بەهۆى ئەشکەنجە و ئازارى زۆرەوە گیانى لەدەستداوە دەکەن، هەروەها چاوەڕوانى هاتنەوەى تەرمى کۆڵبەرێک دەبن کەبۆهۆى تەقەکردن و گولەبارانکردنى لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانى ڕژێمى ئاخوندەگى کۆنەپەرستى ئیسلامى یەوە بۆتەقوربانى، یاخود بەهۆى بارانى بەفرەوە لەسەرمان گیانى لەدەستداوە لە کێوشاخەکانى کوردستان کە لەبەر بێکارى ونەبوونى کارێکى سەربەرزانە بەناچارى بۆ بەخێوکردنى خانەوادەکەى ڕووى کردۆتە کۆڵبەرى بەهۆى هێزە سەرکوتگەرەکانى سەرسنوورەوە بۆتە قوربانى.

یاساکانانى سیستەمى ئیسلامیی ئێران زۆرینەیان کۆنەپەرست ودژە مرۆڤایەتین پێویستە هەنگاو بۆ گۆرینى ئەوسیستەمە بندرێت. خومێنى ڕابەرى ئیسلامى یەکان لەئێران کە هەموو هێزە شیعەکان شانازى پێوەدەکەن بەمامۆستاى خۆیانى دەزانن. بەبڕواى من گەورە تیرۆریستی سیستەمی ئیسلامی یە کە دەڵێت (هاوسەرگیری لەگەڵ کچی خوار۹ساڵیدا جائیزنیە! بەڵام دەتوانی لێى بسویت، پیابێنیت وئارەزوە سیکسێ کانى خۆتى پێدابمرکێنیتەوە) ئەمە لەیەکێک لەکتێبەکانى بەناوى تحریرالوسیلە بەشى دووەم لەلاپەڕە (٢٤١) بڵاوبۆتەوە. ئەگەر ئەوە دژە مرۆڤایەتی وسوکایەتی بەمناڵ ومرۆڤایەتی نەبێت ئەی چییە؟ کە لە ئێراندا لە ناوسیستەمى ئیسلامیی دا بەڕێوەدەچێت وجێبەجێ دەکرێت.

گۆڕینى یاساى بارى کەسێتى بەیاساى جعفرى لەناو پەرلەمانى عێراقدا کە کۆمەڵگاى عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆسەدە تاریکەکانى ڕابردوو بەسوودوەرگرتن بوە لەووتەکان وبیروباوەڕى گەورە تیرۆریستى ئیسلامیی ئێرانى ئیمام خومێنى بوە، کە ئێستا لەناو پەرلەمانى عێراق و حکومەتى عێراقدا چەندین کەسایەتى وهێز و حیزب هەیە کەوتونەتە ژێرکاریگەرى بیروڕاکانى ئیمام خومێنى و بەرپرسەباڵاکانى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە کە گەورەترین پاڵپشت وهاوکارى ڕێکخراوەوحیزب وگرووپە توندڕەو تیرۆریستانى جیهانە کە بەناوى جیهادکردن لەپێناوى گەشەى ئیسلامدا دروست بوون. لەهەمان کاتدا سوپاى پاسداران چۆتە ناولیستى تیرۆرەوە و بەهاوکارى کردنى ڕێکخراوحزب وگرووپە توندرەوە  تیرۆریستى یەکان لەجیهاندا ناسێندراوە.

یاساى کۆنەپەرستانەى جعفرى لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى سەرەتایى بۆکراوە، بەئاشکرا ئەم یاسایە سوکایەتى بەکچان ومناڵان دەکات. دەرگالەسەرکردنەوەى دەست درێژى کردنەسەرمناڵان دەکاتەوە. ئەگەرلەساڵانى ڕابردوو بەپێى یاساکانى عێراق تەمەنى هاوسەرگیرى بۆکچان (١٨) ساڵ بوو، ئێستا لەویاسایەدا هاتووە بەپێی مادەکانی (١٦ ، ٤٨، ٥٠ ، ١٥٤) ی ئەم یاسایەی جەعفەری تەمەنی هاوسەرگیری (ژنهێنانی) کوڕان لە (١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ (١٥) ساڵ، تەمەنەی (بە شوودانی) کچانیش لە (١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ (٩) ساڵ.

کە پێشترلە لایەن وەزیری دادی عێراقی (حەسەن ئەلشەمەری) یەوە. کە سەر بە (پارتی فەزیلەی ئیسلامی) شیعەیە، لە رۆژی ( ٢٣/ ١٠/ ٢٠١٣)  دا، پرۆژەی (یاسای باری کەسێتی جەعفەری) پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد. بۆ پەسەندکردن و دەنگدان لەسەری، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقيش کە زۆرینەی وەزیرەکانی شیعەبون، مالیکیش سەرەک وەزیران و بڕیاردەربوو ئەوکات، لە رۆژی ( ٢٥/ ٢/ ٢٠١٤) دا، بڕیار یان لەسەر دا و یەکسەر ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ئەوە پرۆژەیە. ئەم یاسایە رێ بە پیاو دەدات کە چەند ژنێک بهێنێت، گرنگ نییە کە ژنەکەی یا ژنەکانی تری رازی بن یا ڕازای نەبن بڕیار بڕیاری پیاوە، پیاومافى ئەوەشى هەیە کەلەسەر ئەم فرە ژنیەشەوە، هاوسەرگیریی رابواردن (زواج المتعە ـ سیغە) ش بکات. بەپێی یاساکانى جعفرى بێت  گەورەترین سوکایەتى بەمناڵان و ژنان دەکات وێڕاى ژنان کۆیلە و چەوساوەن هەروەها بێ بەش دەکرێن لە بەشەمیرات. بێ بەش دەکرێن لەئازادى و چوونەدەرەوە و بازاڕ بەبێ  پرسى هاوسەرەکانیان یان براوباوکیان.

حکومەتى عێراقى و پەرلەمانى عێراقى لەجیاتى جێێ بەجێ کردن و دەرکردنى یاساکانى مەدەنى وشارەستانى و پرۆژەى بنیاتنەرانەى چارەسەرى کێشە و قەیرانە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگاى عێراق کە لەناو چەندین کێشە و قەیرانداگیرى خواردووە خەریکە قەیرانەکان سەرى تەواوى کۆمەڵگایى عێراقیش لەناوبەرێت، هاوڵاتیانى عێراقى پاش چەندین ساڵ لەدەسەڵاتى عێراق تائێستا کێشەى خەراپى ئاووکارەبا و رێگاکانى چارەسەرنەکراوە، کێشەى نێوان پێک هاتەجیاوازەکانى عێراق کەلەسەردەستى سیاسى یەکانى عێراق دروستیان کردووە بەڵام بەبێ چارەسەرماوەتەوە، کێشەى مەزهەبى ونەتەوایەتى و سیاسییەکانى باڵاى عێراق گەشەى پێدەدەن تائێستاش بە چارەسەرنەکراوەیی ماتەوە، خەڵک لەسەرهەبوونى ناوى على وحسین وحسن وعمروعوسمان وسەدیق بەرچەقو و گولە دەدرێت، ئەم حکومەت و پەرلەمان نەیان توانیوە بەپرۆژ و یاساکانیان چارەسەرى ئەوکێشە و قەیرانانە بکەن کەچى دێن کێشە و قەیرانى تر بۆخەڵکى عێراق دروست دەکەن وکۆمەڵگا بە پرۆژە یاسا کۆنەپەرست ودژە مرۆڤایەتى یەکانیان دەیانەوێت بیگەڕێنەوە ساڵانى ڕابردوو وسەدەکانى ڕابردوو! دێن کچانى مناڵ بۆدامرکانەوەى ئارەزوە سیکسێ کانیان بەکاردێنن پرۆژە و یاساى بۆ دەردەکەن.

بەرپرسانى باڵایى دەوڵەتى عێراق لەجیاتى بۆچارەسەرى کێشە و قەیرانەکانى ناوخۆیى عێراق سوود لەسیستەم و یاساکانى دەوڵەتانى سیکۆلار و شارەستانى وپێشکەوتووى ئەوروپا ووەرگرن، داوایان لێ بکەن کۆمەکیان بکەن لەڕووى مەعنەوێ وە  بۆ ئەوەى کۆمەڵگاى عێراق بەرەوپێشکەوتن وشارەستانى بوون هەنگاوبنێت بەڵام بەرپرسە باڵاکانى عێراق دێن ڕێک پێچەوانەکەى هەڵدەبژێرن، دەیانەوێت سوود لە سیستەمى ئیسلامى ئێران وپاکستان وئەفخانستان وسعودیە و تورکیا وەربگرن. هەریەکە لەو وڵاتانە سەیردەکەیت بە چەندین کێشە و قەیران ڕووى لە دەوڵەتەکەیان کردووە کەخۆیان پەکیان کەوتووە بۆچارەسەرکردن، لە پاکستان لە١١ى سێپتمبەرى ٢٠١٧ بوو ژنێکیان لەسەرئەوەى موبائیلى بەکارهێناوە سەنگەسار و بەردباران هەتامردن کرد، وڵاتانى تری ئیسلامیش کەمترین ماف بەژنان بەڕەوانابینن هەروەک کۆیلە سەیرى ژنان دەکەن.

سیستەمى ئیسلامىی شیعە و ئەم  یاسایانە هەرەوەک یاسا کۆنەپەرست ودژەمرۆڤایەتى یەکانى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعشی ئیسلامیی یەکەبەرامبەر بەژنان و کچانى خوار١٨ساڵ جێ بەجێی دەکرد. هەروەک یاساکانى ڕژێمى کۆمارى سێدارەى ئیسلامیی ئێرانە کە بەدرێژایی تەمەنى ئەم ڕژێمە کۆنەپەرستە بەهەزارەها کچ وژنى پێ زیندەبەچاڵ وزیندانى وئەشکەنجە و لەسێدارەداوە و بەربارانى ژنان وکچانى کراوە لەسەرلادانى لە یاسادژەمرۆڤایەتى یەکان. ئەم پرۆژە یاسایە ڕاستەوخۆدان بەهەبوونى دەسەڵات وسیستەمى کۆمارى ئیسلامیی ئێران دەنێت لەناو پەرلەمان وحکومەتى عێراقدا. خەڵکى عێراق وکوردستان شایەستەى ژیان و گوزەرانێکى سیکۆلار و شارەستانین. ناکرێت کۆمەڵگای عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەدەکانى ناوەڕاست. ئەرکى سەرجەم خەڵکى ئازادیخواز و یەکسانیخوازى عێراق و کوردستانە لەدژى ئەم پرۆژە یاسا هەڵوێستیان هەبێت وبەهیچ جۆرێک بەم جۆرە پرۆژە و یاسا کۆنەپەرستانە ڕازی نەبن، بێنەمەیدان بۆدەربرینى نارەزایەتى لەدژى ئەم جۆرە پرۆژە و یاسایانە کەمرۆڤەکان کۆیلە و چەوساوە دەکات. پێویستە هەموولایەک کاربکەین بۆگەشەدان بەپێشەکەوتنى کۆمەڵگا و ئاشناکردنى تاکەکانى کۆمەڵگا بەیاسا و سیستەمى سیکۆلار و شارەستانى یەکان، لەپێناوى بەدەستهێنانى مافەئینسانى یەکان وسەرجەم ئازادى یەکانى مرۆڤەکان تاکەڕێگایە بەرەو هەنگاونان بەرەو ئایندە و داهاتوێکى باشتر و ئازاد دوور لە سوکایەتى وچەوسانەوەى مرۆڤەکان بەبێ جیاوازى ئایینى ونەتەوەیی و ڕەگەزیی و نەژادى.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

Last Updated on Sunday, 03 December 2017 13:42
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان سیستەمى دینى کۆیلەکردنى کۆمەڵگایە