ڕه‌وه‌ند

گەڕانەوە بۆ دەستورێکی کاتبەسەرچوو ئومێدێکی بێهودەیە! Print
Monday, 13 November 2017 12:39

هیوا ئەحمەد

ئەوە باڵادەستی و براوەی مەیدانی شەڕ و هێزهاوسەنگی سیاسی وسەربازی و ئابوری تازەی نێوان لایەنە سیاسیەکانە کە چۆنیەتی و جۆری ئەو دەستورو ڕێکەوتنە لە نێوانیاندا دیاریدەکات نەک بە پێچەوانەوە!

 

لە دوای ڕوداوەکانی ڕیفراندۆم و ئاشبەتاڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر و تەسلیمکردنەوەی کەرکوک و سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و شکستی سەربازی و سیاسی هێزە کوردیەکان، لە لایەن حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردیەکانەوە بەدەسەڵاتدارو بەناو ئۆپۆزیسیۆنیانەوە باس باسی گەڕانەوەیە بۆ دەستوری عێراق.

بەڵام گەڕانەوە بۆ کام دەستور؟!  دەستورێک کە ئێکسپایەر بوە و بە کردەوە چیتر کار بە بەندە هەستیارەکانی ناکرێت! ئەوەی گفتوگۆ و مەرجەکانی دانوستاندن و شێوە و بنەمای پەیوەندی تازەی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دیاریدەکاتەوە ئەو هێزهاوسەنگی و لاسەنگی هێزەی ئێستا وئەمرۆیە کە لەمەیدانی شەڕ و بواری سەربازی و جیۆپلۆلتیکی و ئابوری و ناوچەیدا بە قازانجی حکومەتی ناوەند و زیانی هەرێم شکاوەتەوە نەک دەستورێک کە لەسەردەمێکی تر وهێزهاوسەنگیەکی جیاوازتری نێوان ناوەند وهەرێم داڕێژراوە و ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

هەرچەندە دەستوەرە کۆنەپەرستەکەی عێراق لە ڕۆژی داڕشتن وبڕیاردان لەسەری تا ئەمرۆ هەرچی پرسە گرنگ و هەستیارەکانی ناو ئەم دەستورەهەیە تەنانەت یەک بەندیشیان لێجێبەجێ نەکراوە؛ وەک ماددەی ١٤٠، ناوچە جێناکۆکەکان، بودجەی پێشمەرگە و یاسای نەوت وگاز .. بەڵام ئەمە دەستوری سەردەم و هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراوە لە هێزهاوسەنگی نێوان هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکان و ناسیونالیزمی کورد و عەرەب بە باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە وعێراقی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و سەدام. ئەو کات عێراق لە لایەن سوپای ئەمریکاوە داگیر کرابوو، حکومەتێکی ناوەندی بەهێزی پڕچەک وسوپایەکی بەهێز بونی نەبوو، ناسیونالیزمی قەومی عەرەبی و ڕژێمی بەعسەکەی ڕوخێنرابوو، هێزە ئیسلامیە شیعی و سونیەکانیش تازە پێیان دەخستە ناو دەسەڵاتەوە لە عێراق و دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەبوو، ئێرانیش هێشتا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبوو لە عێراقدا، لە بەرامبەریشدا تەنها هێزێک کە یەک دەستترو جێگەو ڕێگەیەکی باڵادەستری هەبوو لەچاو ئەوانی تردا ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی کوردایەتی بوو کە چەپڵەلێدەرو دۆستی سیاسەتەکانی ئەمریکا بون و بۆ یەک دەیە زیاتر بوو، سەرەڕای شەڕی ناوخۆکەیان و ناکۆیەکانیان، لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدار بوون. لەم هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەدا بوو کە دەستوری عێراق بەسەرپەرشتی پۆل برێمەر حاکمی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و مەجلیسی حوکم داڕێژرا. هەر بەهۆی ئەم فاکتەرانەوە بوو کە ناسیونالیزمی کورد بە پشتیوانی ئەوکاتی ئەمریکا توانی دەسکەوتێکی زیاتر بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا بۆخۆی بپچڕێت، وەک فیدڕاڵیەت لە جیاتی ئۆتۆنۆمی، بەشە بودجەی ١٧%، پۆستە سیادیەکان، مادەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان وبودجەی پێشمەرگە و دۆسیەی نەوت و... بەڵام ئەمرۆ ئەو هەلومەرجە سیاسی و هێزهاوسەنگیەی ئەو کاتە کە بە قازانجی حیزبە کوردیەکان بوو گۆڕاوە و ئەمڕۆ هاوکێشەکە بەقازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی سیاسی شیعی شکاوەتەوە. ئەمریکا بەڕەسمی لە عێراق و ناوچەکەدا شکستی سیاسی و سەربازی خوارد و زۆر پاشەکشەی کردوە و بڕیاردەری یەکلا کەرەوە نییە لە ناوچەکەدا و ڕەقیبگەلێکی تری وەک ڕوسیا و ئەوروپای لەبەرامبەردا بۆ پەیدا بووە، ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەوپەڕی پەرتەوازەیی و دابەشبوندان و نوقمی قەیرانی سیاسی و حوکمڕانی و ئابوری بون، لە بەرامبەریشدا حکومەتی ناوەندی و هێزە ئیسلامیە شیعیەکان و سوپا و میلیشیا چەکداریەکانی وەک حەشدی شەعبی لەڕوی سەربازی و چەک و جبەخانە و توانای شەڕکردنیانەوە بەهێزتر بون، بە تایبەتیش دوای کۆتایهاتنی شەڕی دژی داعش و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی داعش و ئیسلامی سیاسی سونی لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و پەلاماری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆسەر کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک وهەموو ناوچە جێناکۆکەکان بەپشتیوانیەکی بەهێزی ئێران، هاوسەنگی هێزی بە قازانجی حکومەتی ناوەندی و ئیسلامی شیعی شکاندۆتەوە، ئێستا بەپشتیوانی ئێران و تا ڕادەیەکیش ئەمریکا هەم لەڕوی سیاسی و سەربازیەوە باڵادەسترن و خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانن و دەیانەوێ تەواوی هەلومەرجەکە و دەستورو یاساکانی وڵات بەقازانجی خۆیان بگۆڕن کە ڕەنگدانەوەی ئەم باڵانسە نوێە بێت. هەروەها دەیانەوێت لەڕوی یاسایی و دەستوریشەوە پاشەکشەی زیاتر بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا بسەپێنن. هەر بۆیە ئەم دەستورەی ئێستا وەک خۆی نامێنێتەوە و گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دەهێنن و بنەمایەک نابێت بۆ گفتوگۆو ڕێکەوتنەوە لەگەڵ هەرێمی کوردساتاندا هەرچەندە حیزبە کوردیەکان لە ئاکامی شکستی خۆیاندا جەختی لەسەر دەکەنەوە.

هێزە سیاسیە شیعیەکان هەر لە ئیستاوە پەیڕەوی لەبەندەکانی ئەم دەستورە ناکەن کە خۆی لە خۆیدا رەنگدانەوەی ئەم ئاڵوگٶڕوهێزهاوسەنگیە سیاسیە تازەیەی ئێستایە لە قەڵەمڕەوی حوکمڕانی و سیاسی و سەربازییدا. هەوڵە سەربازیەکان بۆ گەڕاندنەوەی کوردستان بۆ پێش ساڵی ٩١ و کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنوریەکان، کەمکردنەوەی بەشە بودجەی کوردستان لە ١٧% بۆ ١٢% ، دەنگۆی مامەڵکردن لەگەڵ پارێزگاکان لە جیاتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکی فیدڕاڵی، دەنگۆی باسکردن لەهەموارکردنەوەی دەستور لە لایەن چەند لایەنێکی ئیسلامی شیعیەوە، هەڵبەت گۆڕینی دەستور تەنها لە پەیوەند بە کوردستانەوە نابێت بەڵکو تایبەت دەبێت بەسەرجەم پرسەکانی تری عێراقەوە هەر خودی هێنانەوە پێشەوەی قانونی جەعفەری لەپەرلەمانی عێراق سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و بەیاسایکردنی بە شودانی کچانی تەمەن ٩ ساڵ لە راستای ئەم هەوڵانەدایە و نیشاندەری ئەوەیە کە دەستور بەمشێوەیەی ئێستای نامێنێتەوە.

بەڵام ئەوەی کە چەندێک دەتوانن لەم هەوڵانەدا سەرکەوتوبن ئەوە پەیوەندی هەیە بە زۆر فاکتەری سیاسی و سەربازی و بلۆکبەندی هێزە سیاسیەکانی جیهان و بەتایبەتیش ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە و ململانێ ناوخۆیەکانی ناو هێزە شیعیەکان و خودی ناڕەزایەتی خەڵک بەگشتی لەبەرامبەریاندا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتەرانە من پێم وانییە بتوانن ئەوەی کە دەیانەوێت بۆیان بچتێە سەر.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

11/11/2017

Last Updated on Monday, 13 November 2017 12:43
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان گەڕانەوە بۆ دەستورێکی کاتبەسەرچوو ئومێدێکی بێهودەیە!