ڕه‌وه‌ند

سیناریۆكانی ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بار و دۆخه‌! Print
Monday, 30 October 2017 00:49

عه‌بدوڵا ساڵح

كوردستان به‌ قۆناغێكی دژوار و پڕ مه‌ترسیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ ، بارو دۆخی دوای ١٦ ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ی خسته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئالۆگۆڕی ڕیشه‌یی، ڕه‌نگه‌ ئاكامه‌كانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ركه‌ون، نامه‌كی ئه‌مڕۆی بارزانی بۆ په‌رله‌مان – وه‌ك نمونه‌.

 

یه‌كێك له‌ یاریكه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م گۆڕه‌پانه‌ یه‌كیه‌تی نیشتمانی، یا ده‌قیق تر بڵێین باڵێكی ناو یه‌كیه‌تی بوو، هه‌ركه‌س به‌سیاسه‌تی ئه‌م باڵه‌ بڵێ خیانه‌ت یا موئامه‌ره‌ ئه‌وا له‌ سروشت وسیاسه‌تی ئه‌حزابی ناسیۆنالستی كوردی، به‌تایبه‌تی یه‌كیه‌تی و پارتی، نه‌گه‌یشتوه‌ یاخود ساده‌و سه‌تحی بیر له‌سیاسه‌ته‌كانیان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی باڵی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ناو یه‌كیه‌تیدا به‌ردێك بوو به‌ دوو ئاراسته‌دا!

یه‌كه‌م / ئه‌وان دڵنیا بوون له‌وه‌ی پارتی بۆته‌ تاكه‌ حزبی باڵا ده‌ست له‌كوردستاندا وهه‌نگاو ده‌نێ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی خۆی و فه‌زای كۆمه‌ڵگاشی به‌ جۆرێك شه‌حن كردوه‌‌ ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانیشیان ناتوانن به‌ به‌ڵێ ده‌نگ نه‌ده‌ن ،ئه‌م جوڵاندنی شه‌قامه‌، ئه‌و حیزبه، وه‌ به‌تایبه‌تیش سه‌رۆكه‌كه‌ی دواتر وه‌ك (پاڵه‌وانی قه‌ومی) وێنا ده‌كا، ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ل ومه‌رجدا فریای له‌باربردنی نه‌كه‌ون ڕه‌نگه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ شكستهێنان به‌ بارزانی  له‌ نزیك ماوه‌دا ئه‌سته‌م بێ.

دووه‌م / كورسیه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی چۆڵه!‌  ئه‌گه‌ر ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ فریا نه‌كه‌ون ئه‌وا پڕۆ پارتیه‌كانی نێو یه‌كیه‌تی، به‌تایبه‌ت – كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ومه‌لا به‌ختیار – ئه‌و هه‌له‌ی باڵا ده‌ستی پارتی‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و كێشه‌كانی نێو ماڵی یه‌كیه‌تی به‌ قازاننجی خۆیان ده‌شكێننه‌وه‌ به‌ره‌و كورسیه‌ چۆڵه‌كه‌ ، وه‌ یاخود باڵ باڵێنی نێو یه‌كه‌تی ئیدامه‌ی ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتیه‌و ده‌رفه‌تی جێگیركردنه‌وه‌ی كورسیه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌وان سه‌ختر ده‌كا، ئه‌م باڵه‌ی ناو یه‌كیه‌تی،‌ وه‌ك سروشتی ئه‌حزابی ناسیونالستی كورد، به‌بێ گوێدانه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی خۆیان، ئه‌م سیاسه‌ته‌یان پیاده‌ كرد، هه‌ر وه‌ك چۆن پارتیش بۆ هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی  ٣١ ی ئابی پیاده‌كرد ، ئه‌م شكسته‌ مێژوویه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌كی ٢٦ ساڵیه‌ كه‌ ڕیفراندۆم دوا په‌رده‌ی بوو، ئه‌و قه‌تره‌‌ بوو كاسه‌كه‌ی پڕكرد.

دوای ئه‌م ڕوداوانه‌، حیزبه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان هه‌ر یه‌كه‌یان په‌رچه‌ كردار و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆی خسته‌ ڕوو، دیارترینیان (حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی) یه‌ له‌ لایه‌ن گۆڕان و كۆمه‌ڵ! فه‌شه‌لی ئه‌م مۆدێله‌ له‌ به‌دیل ڕونكردنه‌وه‌ی زۆری ناوێ، ئه‌م حوكمه‌تی ڕزگاری نیشتمانیه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێ، تێكه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێ له‌ نوێنه‌رانی هه‌مان ئه‌حزابی مه‌وجود كه‌ پێشتر له‌ بنكه‌ فراوانه‌كه‌دا به‌شدار بوون، به‌ جیاوازیه‌كه‌وه‌ كه‌گۆڕینی ده‌م و چاوه‌كانه‌، ده‌نا سیاسه‌ت هه‌ر هه‌مانه‌و ده‌رئه‌نجامیش له‌وه‌ باشتر نابێ.

گۆڕانێك كه‌ به‌ نزیك یه‌ك ملێۆن ده‌نگده‌رو ٢٦ كورسی (په‌رله‌مان)‌  له‌ پرسێكی چاره‌نوسازی وه‌ك ڕیفراندۆمدا له‌ دوا ساته‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌و پرسه‌ سیاسه‌تی (هه‌لور بلور‌)ی گرته‌ به‌رو ڕێكخه‌ره‌ گشتیه‌كه‌شی پێشه‌نگی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بوو! ئاخۆ به‌م سیاسه‌ته‌ شه‌ل و سه‌قه‌ته‌ ده‌توانێ له‌ ژێر باری ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ سه‌خته‌دا بێته‌ ده‌ر؟ كۆمه‌ڵیش كه‌ تا ئێستا به‌شداره‌ له‌م حوكمه‌تی مه‌وجوده‌ مه‌گه‌ر به‌ دوعاو نوشته‌ بچێته‌ پای (ڕزگاری نیشتمانیه‌وه‌)، به‌رهه‌م ساڵحیش كه‌ شانسی خۆی له‌ حوكمڕانی كوردستان تاقی كردۆته‌وه‌، وه‌ ئه‌م ٢٦ ساڵ شكست و فه‌شه‌له‌ پرۆسه‌یه‌ك بوو ئه‌ویش بێ پشك نه‌بوو تیایدا.

(نه‌وه‌ی نوێ) كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحدیش، ئه‌گه‌رچی ده‌نگێكی نوێ یه‌ و له‌ غیابی سه‌ر و سه‌كتی ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان به‌ ئۆپۆزسیون ده‌زانن هه‌ڵتۆقی ،وه‌ به‌ پاڵپشتی ده‌زگایه‌كی زه‌به‌للاحی ئیعلامی و سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆر، به‌ڵام ڕێگا چاره‌كه‌ی له‌ چوار چێوه‌ی هه‌مان مۆدیلی حوكمڕانی ناچێته‌ ده‌رو ناتوانێ بچێته‌ ده‌ر! ئه‌وه‌تا له‌ قسه‌كانیدا موژده‌ ده‌دا به‌ گه‌نجان كه‌ : ده‌توانن هه‌موتان وه‌ك من ببنه‌ ملێۆنێر!!

ڕیفراندۆم هه‌ر وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگای كوردستانی شه‌ق كرد، چه‌پ و كۆمونیسته‌كانیشی كرده‌ دوو به‌ره‌، به‌ره‌ی به‌ڵێ له‌لایه‌ك و بایكۆت و نه‌خێریش له‌لاكه‌ی دیكه‌، ئێستا كه‌ ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ هاتۆته‌ پێش به‌ره‌ی به‌ڵێ ئه‌لته‌رناتیڤێكی جیاوازتر له‌وه‌ی پێشتر ده‌یانخسته‌ڕو بانگه‌شه‌ ناكه‌ن، مه‌گه‌ر (ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان)ه‌ كه‌یان نه‌بێ !. ئه‌مانه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پێكهاتنیانه‌وه‌ بانگه‌وازی خۆ ڕێكخستن له‌ شوێنی كار و ژیان و جیا كردنه‌وه‌ی ڕیزی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ ڕیزی ئه‌حزابی بۆرجوازی و پێكهێنانی شوراو خه‌بات بۆ ڕاماڵینی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان وه‌ك شیعار به‌رزكردۆته‌وه‌، - حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان – وه‌ك نمونه‌.  كه‌س شكی له‌ دروستی ئه‌م شیعارانه‌دا نیه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا هه‌ر له‌ چوار چێوه‌ی شیعار به‌ولاوه‌ تر نه‌چووه‌!

به‌ره‌كه‌ی تر به‌ پشتبه‌ستن به‌ باشتر ناسینی خسڵه‌تی ناسیۆنالیزمی كورد و نه‌ چوونه‌ پای ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ شكست خواردوه‌،  هه‌مان ئه‌و شیعارانه‌ی باسم كردن به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ده‌نگێكی زوڵالتر وپێداگری له‌سه‌ر هاوچاره‌نوسی له‌گه‌ڵ باقی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشانی عێراقدا و‌ سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك ڕیفۆرم – ناوه‌ندی خه‌باتی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری – وه‌ك نمونه‌.‌ به‌شێكیشیان مودێلی – یه‌ په‌ گه‌ - وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌خه‌نه‌ به‌ر چاو.

ده‌نگێكی جیاواز له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌كه‌‌ له‌ داخی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی كوردی، پێیان وایه‌ باڵا ده‌ستی عه‌ببادی له‌ كوردستان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی كوردی لانی كه‌م گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵك باشتر ده‌كا، ئه‌م بۆچونه‌ نه‌ك زۆر سه‌قه‌ته‌ بگره‌ زۆر خه‌ته‌ریشه‌، ئه‌م حوكمه‌ته‌ی به‌غدا‌ له‌ ٢٠٠٣ وه‌ تاكو ئه‌مڕۆش نه‌یتوانیوه‌ لانی كه‌می ژیان وگوزه‌ران و خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ دانیشتوانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێڕاق دابین بكا، چجای بۆ كوردستان! خه‌ته‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ په‌لاماره‌كه‌ی به‌غدا  به‌ره‌و له‌بار بردنو سه‌ندنه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ كه‌م وكوڕانه‌ش‌ كه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان تاكو ئێستا  دابین كراوه‌و چونه‌وه‌ ژێر چه‌پۆكی ده‌سه‌ڵاتی تایفی شیعه‌ و قه‌ومپه‌رستی عه‌ره‌بی واته‌ دابه‌زین بۆ كلكی ماره‌كه‌ له‌ گه‌مه‌ی مارو په‌یژه‌دا.

خه‌ڵكی كوردستان ئه‌ركی ده‌سبه‌جێیانه‌ ئه‌مڕۆ بوه‌ستنه‌وه‌ به‌رامبه‌ر شاڵاوی دڕندانه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی كه‌ پێشقه‌ره‌وڵیان هێزێكی تایفی قه‌ومی فاشیستی چه‌نگ به‌ خوێنی وه‌ك (حه‌شدی شرعبی)یه‌ ، ئه‌م هێزه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ فه‌رمان له‌ ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رست و فاشیستی جمهوری ئیسلامی ئێران وه‌ر ده‌گرێ به‌ شیعاری – شه‌لم كوێرم كه‌س نابوێرم – خه‌ریكه‌ هه‌مان سینار‌یۆی پاكتاوی ره‌گه‌زی و تایفی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێشوی عێراق دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، هێرشه‌ دڕندانه‌كه‌یان بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كورد زمانی دوزخورماتو وه‌ كه‌ركوك - وه‌ك نمونه‌.

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی ناسیونالیستی شكستخواردوی كورد له‌ ئێستادا ئاماده‌ی هه‌موو سازشێك و چۆكدادانێكن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان. له‌به‌رامبه‌ردا پێداگری حكومه‌ته‌ تایفی وقه‌ومیه‌كه‌ی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رچی زیاتر پاشه‌كشه‌كردن به‌ (ده‌سه‌ڵاتی كوردی) ترسی ئه‌وه‌ دێنێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ باڵی شو‌می ئه‌م حوكمه‌ته‌ دووباره‌ بكشێته‌وه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا له‌به‌رامبه‌ر زه‌بونی و بێده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ كوردیه‌كاندا، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌و سیاسه‌ته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌ببادی بكرێ و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردیه‌ ئێكسپایه‌ره‌ش كۆتایی پێ بێت، بیر كردنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تێكی عه‌مه‌لی و مومكین كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و فاشیله‌ كۆتایی پێبێنێ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك به‌رقه‌رار بكا، میكانیزمه‌كه‌ی په‌روه‌نده‌یه‌كه‌ی كراوه‌یه‌ ده‌كرێ قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێ !‌ نابێ ئه‌وه‌شمان بیرچێ كه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ئاڵوگۆڕی سیاسی گه‌وره‌دایه‌ و بێشك كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ و یه‌كێك له‌ كاردانه‌وه‌كانیشی سنوردانانێك ده‌بێ بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژی و لوتبه‌رزیه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌ببادی.

This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it

29 / 10 / 2017

Last Updated on Monday, 30 October 2017 00:57
 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌

ناوەندی خەبات، ئاسۆ و ئەرکەکان

News image

ناوەندی خەباتی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان بۆ داگرتن یا خوێندنەوەی لە شکڵی (پی دی ئێف) کل...

خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی

News image

  خۆپێشاندانەکان و پڕاتیکی کۆمۆنیستی (سەبارەت بە بنەما فکری و سیاسیەکانی بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوەی) نادر ...

بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

News image

  1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی ...

مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا

News image

  ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری: مانیفێستی "ڕەوەند" لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستاندا 1. بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان، ڕەنگدانەوە و ...

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری 2010

هاوپشتی کرێکاری ژمارە 1 ئۆکتۆبەری ...


تۆ لێره‌ی  : سه‌ره‌تا بابه‌ته‌کان سیناریۆكانی ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ی ئه‌م بار و دۆخه‌!